مه‌سرور بارزانی ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بڵاوكرده‌وه‌
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • مه‌سرور بارزانی ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بڵاوكرده‌وه‌

مه‌سرور بارزانی ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بڵاوكرده‌وه‌

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
مه‌سرور بارزانی ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بڵاوكرده‌وه‌
0

لایک

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رپه‌رشتیارانی هه‌ردو وئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌ڕین بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا به‌ راسپاردنی وه‌زاره‌تی دارایی وئابووری بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی پاره‌ی پێویست بۆ خه‌رجی مووچه‌ له‌ پێش هه‌ر خه‌رجیه‌كی دیكه‌.

مه‌سرور بارزانی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک نوسیویه‌تی، “ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پرسی داهات و خه‌رجییه‌كان و كورتهێنانی موچه‌ و گرفته‌ داراییه‌كانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌ڕینمان كرد، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌ی بو، ئاماژه‌مان به‌وه‌دا كه‌ ئامانجی ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌، دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و گرفته‌ داراییه‌ی له‌ماوه‌ی ڕابردو له‌ سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌ڕین دروستبوه‌ تایبه‌ت به‌ كورتهێنانی پاره‌ی پێویست بۆ موچه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌‌كۆبوونه‌‌وه‌‌كه‌‌دا ‌جه‌‌ختكرایه‌‌وه‌‌ كه‌‌ “ئه‌ركی له‌ پێشینه‌ی حكومه‌ته‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ بكات كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ موچه‌ وبژێوی هاوڵاتیان، حكومه‌ت به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌مو ناوچه‌كان ده‌كات وئه‌رك وبه‌رپرسیارێتی كابینه‌كه‌شه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورتهێنانی پاره‌ی پێویست بۆ موچه‌ بكات له‌ هه‌ر پارێزگا وناوچه‌یه‌كی هه‌رێم بێت”.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، “هۆكاره‌كانی كورتهێنان و كێشه‌ داراییه‌كان و پێشنیاره‌كانی چاره‌سه‌ركردن به‌ داتا و ژماره‌ی پێویست خرانه‌ڕو، ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ گیانی هه‌ستكردن به‌ لێپرسراوێتی جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یه‌ك چاو سه‌یری هه‌مو ناوچه‌كانی هه‌رێم ده‌كات وبه‌رپرسیارێتی سه‌رشانیشمانه‌ كه‌ شایسته‌ی دارایی موچه‌‌خۆران له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم وه‌ك یه‌ك دابینبكرێت و ئه‌مه‌ش ئه‌وله‌ویه‌تی كاری ئه‌م كابینه‌یه‌یه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاردرا به‌ ڕاسپاردنی وه‌زاره‌تی دارایی وئابوری بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی پاره‌ی پێویست بۆ خه‌رجی موچه‌ له‌ پێش هه‌ر خه‌رجیه‌كی دیكه‌، دابینكردنی پاره‌ی پێویست بۆ ته‌واو كردنی بودجه‌ی پێویستی ئه‌م مانگه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ به‌بڕیاره‌كانی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاندوه‌، “هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕیاردرا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ هه‌ردو وه‌زاره‌تی دارایی وئابوری و ناوخۆ به‌ هه‌ماهه‌نگیی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌له‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌رین وسه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ دارایی وبانكییه‌كان بۆ به‌دواداچونی ڕاستیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ داهاته‌ گشتیه‌كان و گه‌یشتن به‌ ڕاست و دروستی ئه‌و قسانه‌ی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌كرێن”.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیانی هه‌رێم، هه‌ریه‌ک له‌ وه‌زیرانی ناوخۆ، دارایی و ئابووری، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پارێزگاره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ردو ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین ئاماده‌ی بون.