مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، شکست بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەهێنن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە مستەفا کازمی لەمیانی سەرپەرشتیکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی “ئیرادەی پۆڵایین” کە بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار دەستی پێکردووە، لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادارکراوەتەوە.
کازمی لەمیانی سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاندووە “بە تیرۆریستانی داعش دەڵێین، ئێوە لە رووی سەربازیی و ئەمنییەوە ئێمەتان تاقیکردەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا، رۆژ لە دوای رۆژ ئێمە سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن تۆمار دەکەین و ئێوەش رۆژ لە دوای رۆژ تووشی شکست دەبن، جگە لە مردنیش ھیچ بژاردەیەکی دیکەتان لەبەردەمدا نییە”.
وتیشی “ھەروەک چۆن ئەمیرە یەک لە دوای یەکەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشمان لەناوبردووە، بەھەمانشێوە ئەمیرە نوێیەکەی رێکخراوەکەیش لەناو دەبەین، شکست بە تیرۆریستانی داعش دەھێنین و مێژووی خۆمان بە سەرکەوتن و قوربانیدان دەنووسینەوە”.