محەمەد شیاع سودانی چەند بەڵێنێک بە هەرێم دەدات
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • محەمەد شیاع سودانی چەند بەڵێنێک بە هەرێم دەدات

محەمەد شیاع سودانی چەند بەڵێنێک بە هەرێم دەدات

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
محەمەد شیاع سودانی چەند بەڵێنێک بە هەرێم دەدات
0

لایک

کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کارنامە و خواستی راستەقینەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد. دەشڵێت، “لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی شەش مانگی دەستبەکاربوونیدا یاسای نەوت و غاز بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەنێرێتە پەرلەمان و لە بودجەی فیدڕاڵیشدا بودجە و موچەی کوردستان جێگیر دەکرێت”.

ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، یاسای بودجە پێش کۆتایی ئەمساڵ پەسەند دەکرێت و دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

وتیشی، کاری لەپێشینەی حکومەت و پەرلەمان ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەبێت، کە تیایدا بودجە و مووچەی کوردستان جێگیر دەکرێت، چونکە نابێت هیچ رێکار و بڕیارێک گەل لێی زەرەر مەند بێت.

ئاماژەی بەوەشدا، “زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رەتدەکەنەوە و سبەی منیش ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبم و دەستلەکارکێشانەوەکە رەتدەکەمەوە”.

محەمەد شیاع سودانی باسی لەوەشکرد، لە کابینەی حکومەتەکەیدا بەرنامەیەک بۆ دژایەتی و بنبڕکردنی گەندەڵی دادەڕێژێت و بەرپرسیاریەتی شکستی هیچ وەزیر و بەرپرسێکیش هەڵناگرێت ئەگەر سەر بە هەرلایەنێک بێت.

هەروەها، لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، محەمەد شیاع سودانی ئاشکرای کرد، “لەگەڵ برایانی کورد چەندین کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە، ئێمە ئیرادەیەکی راستەقینەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا”.

وتیشێ، یەکێک لەو کێشانەی دەبێت چارەسەر بکرێت دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و جێگیرکردنی بودجە و مووچەی هەرێم.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عێراق دانیتشتنی خۆی ئەنجامبدات و دەنگ لەسەر دەست لەکارکێشنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بدرێت و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.