محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەوە.
سەبارەت بە دیدارەکە راگەیەندراوێک لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە.
بە پێی راگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکە تاوتوێی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات کراوه لەگەڵ هاریکاری لە بواری ئاسایش و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کە جێی بایەخی هاوبەشن.
لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد حەلبوسی جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق خوازیارە باشترین پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیدا هەبێت کە تیایدا سەروەری پارێزراو بێت لەگەڵ پاراستنی مافی هاووڵاتییان کە بنەمای جێگیرە لە پەیوەندیەکان، و کاردەکات لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکە و هەنگاوی جددیی دەنێت کە بەشێوەیەکی ئەرێنی رەنگدانەوەی لەسەر گەلان دەبێت کە ئایندەیان دەستەبەر دەکات لە سەقامگیری و ئاسایش و ئابووری و بەدورخستنەوەی تارمایی جەنگ و قەیرانەکان.
لای خۆیەوە عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران پێی وایە سەقامگیری سیاسیی و ئاسایشی عێراق گرنگییەکی نیشتمانی و هەرێمییە و وڵاتەکەی پشتیوانی لە عێراق دەکات لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقاگیریی و پێشوازیی لە رۆڵی هەرێمی عێراق کردووه لە دانوستانەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە دواهەمینیان دانوستانی نێوان ئێران و سعوودیە.