ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، لە ناردنی هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکرانیا بەردەوام دەبین، بەڵام هێڵی سووری ئێمە لەم هەڵوێستەمان ئەوەیە، ئێمە نەبینە بەشێک لە شەڕەکە و وا لێكنەدرێتەوە، کە هەموو وڵاتان دژی رووسیا شەڕ دەکەن، بەڵکو هاوکارییەکان بۆ ئەوەن، ئۆکرانیا بەرگری لە خۆی بکات.
دوای تهواوبوونی لووتكهی ناتۆ له برۆكسل ماکرۆن وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا دووپاتیكردهوه، “لە لووتکەی ناتۆ لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتین، لەوانە: فراوانکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا، لەڕووی پێدانی چەک و سیستمی بەرگری و پێداویستی دیکە”.
وتیشی، “زێلێنسکی قسەی بۆ کردین و بەروونی پێداویستیەکانی پێوتین. ئەوەی گرنگە هەموو ئەندامانی ناتۆ یەکدەنگین لەسەر ئەوەی بەردەوام بین لە پێدانی چەکی کاریگەر و سیستمی بەرگری به ئۆكرانیا، بەڵام لەو چوارچێوەیەدا کە ئێمە نەبینە لایەنی راستەوخۆی شەڕەکە و بەشێوەیهک نەبێت، چەندین وڵات دژی وڵاتێکی دیکە یەکبگرن”.