ماجد شنگالی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیاند کە تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەباری پۆستی سەرۆککۆمار نەگەیشتوون بە رێککەوتن.
ماجد شنگالی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە تا ئێستا ھیچ نزیکبوونەوەیەک لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان و گەیشتن بە رێککەوتن لە بارەی پۆستی سەرۆککۆمار لە ئارادا نییە.
وتیشی “نزیکترین سیناریۆ بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان هەردوو حزبەکە، ئەوەیە ھەر حزبێک کاندیدی خۆی پێشکەش بکات کە ئەوەیش دووبارەبوونەوەی سیناریۆکەی ٢٠١٨ە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر”.
شنگالی ئاماژەی بەوەشداوە کە کاندیدی رێبەر ئەحمەد، پارتی دیموکراتی کوردستان، چانسی زۆرە ببێت بە سەرۆککۆماری نوێی عێراق.