لە پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێک دەستیپێكرد بۆ لەكارلادانی حەلبووسی
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • لە پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێک دەستیپێكرد بۆ لەكارلادانی حەلبووسی

لە پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێک دەستیپێكرد بۆ لەكارلادانی حەلبووسی

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
لە پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێک دەستیپێكرد بۆ لەكارلادانی حەلبووسی
0

لایک

لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی واژوو بۆ دەستلێكێشانەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكردووە.

هادی سەلامی پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵسوكەوتە نادەستوورییەكەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەن دژ بە باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ، هەروەها بۆ پارێزگاریكردن لە كاری پەرلەمانتاری و سەربەخۆیی پەرلەمانتار هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی واژوومان بۆ دەستلێكێشانەوەی سەرۆكی ئەنجومەن بەپێی دەقەكانی پەیڕەوی ناوخۆ دەستپێكردووە.

حەلبووسی لە دانیشتنی چوارشەممەی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەراندا ڕایگەیاند، “رێگە بە پەرلەمانتار باسم خەشان نادرێت بچێتە هیچ لیژنەیەكی پەرلەمانەوە، هەروەها ڕێگەی پێنادرێت لەم وەرزەی یاساداندا قسە بكات، تا ئەوكاتەی داوای لێبوردن لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەن دەكات”.

شایەنی باسە ئەمەش بەبیانووی ئەوەی پەرلەمانتارەكە لە نێو هۆڵی پەرلەماندا “دەنگ بەرزکردۆتەوەوە”.

باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆیە لە بازنەی پارێزگاى موسەننا، پێشتر بە هاوبەشی لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سكاڵایەكیان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دژ بە دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركرد، ئەو دانیشتنەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكەی تیابەڕێوەچوو و هەردوو پەرلەمانتارەكە بە نایاسایی و نادەستووری ناویانبرد و بەهۆیەوە دادگاكە بۆ ماوەیەك كاری دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەی راگرت، بەر لەوەی دواتر سكاڵاكە ڕەتبكاتەوە.