خۆپیشاندەرانی ئێران لەژمارەیەک شاری باشووری رۆژئاوای ئێران لەدژی حکومەت دروشمی جیا جیا بەرز دەکەنەوە و بە هەزاران خەڵک لە شەقام و کۆڵانەکان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن. خۆپیشاندانەکان دوای ئەوەی دێت باڵەخانەیەک لە ئەبادان رووخا و 24 کەس گیانیان لەدەستدا. خەڵک تۆمەتی گەندەڵی دەخەنە ئەستۆی حکومەت.
بەپێی ئەو گرتانەی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران روویان کردووەتە بەردەم دەرگای ئەبادان و هوتافی “مەرگ بۆ خامەنەیی”ـیان بەرزکردووەتەوە و توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە عەلی خامنەیی، رێبەری ئیسلامی ئێران دەربڕیوە..
رۆژی دووشەممە بەرپرسان لێکۆڵینەوەیان لەبارەی چۆنیەتی رووخانی باڵەخانە 10 نهۆمییەکە کردبوو، بەو هۆیەوە 9 کەس لە بەرپرس و کارمەندانی باڵەخانەکە دەستگیرکرا.
لەوبارەیەوە ئیحسان عەباسپور، پارێزگاری ئەبادان ئاماژەی بەوەداوە کە 37 کەس لە رووداوەکەدا برینداربووە و 34ـیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رەوانەی ماڵەوە کراون.