لەسەدا 55ـی رێگەی دوو سایدی کەلار – دەربەندیخان تەواوبووە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • لەسەدا 55ـی رێگەی دوو سایدی کەلار – دەربەندیخان تەواوبووە

لەسەدا 55ـی رێگەی دوو سایدی کەلار – دەربەندیخان تەواوبووە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
لەسەدا 55ـی رێگەی دوو سایدی کەلار – دەربەندیخان تەواوبووە
0

لایک

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دروستکردنی رێگەوبان دەیەوێت ژێرخانێکی بەهێزی ئابووریی بنیات بنێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی گرنگ و ستراتیژیی ناوە.

لەراگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە رێگەی دووسایدی کەلار-دەربەندیخان كه‌ 41 کیلۆمەتر درێژە و گوژمەکەی 137.7 ملیار دینارە، هەروەها لەسەدا 55ـی تەواو بووە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە لە ماوەی کارکردن تیایدا، پرۆژه‌كه‌ 200 هەلی کاری رەخساندووە و رۆژانە 130 ئامێر بەدرێژایی دوانزه‌ کاتژمێر کاری تێدا دەکەن. پرۆژەکە هه‌ژده‌ پردی دووساید لەخۆ دەگرێت کە درێژیی سەرجەمیان سێ کیلۆمەتر و 600 مەترە. رێگەکە بە سێ چین قیر داپۆشراوە و زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر دووجا قیریشی تێدا بە کار هێنراوە.

لەلایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە دوای وەستانی پڕۆژەکە بەهۆی قەیرانی داراییه‌وه‌، لە سەرەتای مانگی حوزەیران و بە رەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، 60 ملیار دینار لە چوارچێوەی گوژمەی پڕۆژەکە بۆ تەواوکردنی رێگەکە تەرخان کرا، ئەوەش لەپێناو ئەوەی بەخێرایی پرۆژەکە تەواو بێت و بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.

رێگەی دووسایدی کەلار-دەربەندیخان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە هۆی هاتوچۆی بازرگانیی و گەشتیاریی لەو ناوچەیەدا، هەرێمی کوردستان بە شارەکانی دیکەی عێراق و ئێران دەبەستێتەوە و بە تەواوبوونیشی، جووڵەی بازرگانی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت.