پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق لە پۆستێکدا لەبارەی بەهای دینار و دۆلار و ئەو گریمانانەی باس لە دەستکاری کردنی نرخ دەکەن دەڵێت، “دووبارە دەسکاری کردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە ئێستادا لە ئارادا نییە.”
هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە پۆستێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دووبارە دەسکاریکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە ئێستادا لە ئارادا نییە و ئەو پرۆسەیە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نیە بەڵکو پەیوەستە بە بانکی ناوەندی و وەزارەتی داراییەوە.
دەشڵێت، “ئەو دوو لایەنەش بێ پرسی بانکی نێودەوڵەتی ناتوانن دەسکاری بکەن، پرۆسەی واژۆ کۆکردنەوەی پەرلەمانتاران بۆ ئەو مەبەستە زیاتر سیاسییە و کاریگەری نابێت.”
باسی لەوەشکردووە، ئێستا یاسای نوێی موازنەی ئیتیحادی عێراق لە گۆڕێ نییە و ئەگەر حکومەتەکەی محمد شیاع سودانیش دوای پێکهاتنی (کە بریارە سبەی پێنج شەممە دەنگی لەسەر بدرێ)، پلانی ئەوەی هەبێت دەسکاری بکات، دەبێ لە یاسای موازەنەدا بیخاتەروو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەسکاریکردنی بەهای دراو لەوە هەستیارتر و ئاڵۆزترە کە بەو خێراییە و لەماوەیەکی کەمدا دووجار دەسکاری بکرێ، پرۆسەیەکە ئاسایشی ئابوری وڵات و جێگیربونی سیاسەتی نەختینەیی و بازاڕی پێوە پەیوەستە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2020دا بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری گۆڕینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار ئەمریکی دەرکرد و نرخەکەی لە 119 هەزارەوە بۆ 145 هەزار دینار بەرزکردەوە.