لێکەوتەکانی پەسەندکردنی یاسای قەرز کردن بۆ داهاتووی ئابووری عێراق چین؟
  • TEBA KURDİ
  • ئابووری
  • لێکەوتەکانی پەسەندکردنی یاسای قەرز کردن بۆ داهاتووی ئابووری عێراق چین؟

لێکەوتەکانی پەسەندکردنی یاسای قەرز کردن بۆ داهاتووی ئابووری عێراق چین؟

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
لێکەوتەکانی پەسەندکردنی یاسای قەرز کردن بۆ داهاتووی ئابووری عێراق چین؟
0

لایک

بۆ چارەسەری کێشەی کورتهێنانی دارایی حکومەتی عێراق یاسای قەرز کردن-ـی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و داوای وەرگرتنی بری ٤١ ترلیۆن دینار قەرزی کرد، لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پڕۆژەکە خوێندنەوەی بۆ کرا، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا لە دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان پڕۆژەکە پەسەند بکرێت.

 

 

رۆژی پێنجشەممە ١٢ـی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای قەرز کردن کۆبوویەوە، دانیشتنەکە تا بەرەبەیان بەردەوام بوو. دواجار کاتژمێر ٥ی بەرەبەیان بەڕێكەوتنی شیعە و سوونە پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرز پەسەندکرا.

 

شایەنی باسە نوێنه‌رانی كورد بەشدارییان نەكرد له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بەهۆی رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر بڕگەیەكی پڕۆژە یاساكە كە تیایدا داوا دەكات دەبێت كورد نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بنێرێت و رادەستی بەغداد-ـی بكات، دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر پشكی هەرێم، نوێنه‌رانی كورد دانیشتنەكەیان جێهێشت و پڕۆژە یاساکە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.

 

بەپێی وتەی شارەزایان و ئابووریناسان کە دەڵێن پەسەند کردنی یاسای قەرز کردن، عێراق بەرەو داڕمانێکی گەورەی ئابووری دەبات کە قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە دەبێت و توانای دانەوەی قەرزەکانی نابێت.

 

بۆ زانینی لێکەوتەکانی پەسەندکردنی یاسای قەرز کردن لەسەر داهاتووی عێراق، وەک هەفتەنامە و پۆرتاڵی تەبا ریپۆرتاژێکمان لەگەڵ بیلال سەعید، شارەزا لە بواری ئابووری ئەنجام دا.

بیلال سەعید لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە لێکەوتە نەرێنیەکانی یاسای قەرز کردن کردو وتی، “سەبارەت بە پەسەندکردنی پرۆژە یاسای قەرز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاچەند لێکەوتەی نەرێنی دەبێت بۆ داهاتووی عێراق، لە راستیدا بابەتی قەرز لە هەموو وڵاتانی جیهان دیدگایەکی زۆر مەترسیداری دەبێت، بە تایبەت ئەو جۆرە قەرزەی کە عێراق کردوویەتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، واتە وەرگرتنی قەرزەکە بۆ بەگەڕ خستن و پەرەپێدانی ئابووری نییە، بۆیە ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە کە ئێمە بیزانین لە وەرگرتنی قەرز، کاتێک هەر وڵاتێک قەرز دەکات جۆری قەرزەکە پێمان دەڵێت کە چی رەنگدانەوەیەک و دەرهاوێشتەیەکی ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەم جۆرە قەرزە کە لە عێڕاق ئەنجام دەدرێت بەتایبەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی قەرزێکی زۆرمەترسیدارە. ساڵ بە ساڵ قەبارەی قەرز لە عێراقدا بەرز دەبێتەوە کە ئەمە مەترسیەکی گەورە لەسەر ئابووری عێڕاق بەجێ دەهێڵێت”.

لە بەردەوامی قسەکانیدا بیلال سەعید ئاماژەی بەوەدا، “هەموو ئەو تێبینی وهەوڵانەی ئێستا هەیە کە عێراق دەیەوێت بەم هەنگاوە بەشێک لە کورتهێنانی خۆی پڕبکاتەوە، دەکرێت بڵێین ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکیش نەبێت لە قۆناغی داهاتوو ئابووری عێراق دەخاتە بەردەم مەترسییەکی زۆرگەورە، دەیخاتە نێو تونێلێکی تاریکەوە کە پرۆسەی بڕیاردانی ئابووری لە عێراقدا زۆر قورس دەکات و مەترسیداری دەکات، چونکە کاریگەری و دەرهاوێشتەی لەسەر هەڵاوسان دەبێت هەروەها کاریگەری لەسەر چۆنیەتی گۆڕینی تەوژمی سیاسی دەبێت لە عێراقدا، کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی دەبێت تەنانەت کاریگەری لەسەر جۆری ئەو رێکەوتننامانە دەبێت کە عێراق لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان هەیەتی، وەک بانکە جیهانییەکان و رێکخراوی نێودەوڵەتی قەرز، بۆیە هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە لێکەوتەیەکی نەرێنی زۆر مەترسیدار چاوەروانی عێراق دەبێت، چونکە جۆری ئەو قەرزەی کە عێراق کردوویەتی جۆرێکە لە مەترسیدارترین قەرزەکان کە لە مێژووی عێراقدا روویدابێت.

 

لە لایەکی دیکەوە ئەو شارەزایەی بواری ئابووری سەرنجی خستە سەر بڕی ئەو قەرزانەی کە عێڕاق کردوویەتی و وتی، “لە راستیدا داتایەکی روون نییە کە دەریبخات لە ئێستادا عێڕاق چەند قەرزارە، بەڵام ئەگەر بگەرێینەوە بۆ ژمارەکانی رابردوو واتە بگەرێینەوە قۆناغی رابردوو دەکرێ ئێستا بڵێین قەبارەی قەرزەکانی عێراق بە بەردەوامی جگە لەوەی روو لە زیاد بوونە، مەترسیش روبەڕووی عێراق دەکاتەوە، بەپێی دوایین راپۆرتی حوکمەتی عێراق کە ٣ی مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە، ئەو راپۆرتە پێمان دەڵێت کە عێراق قەرزێکی هەیە پێی دەوترێت قەرزی ناوخۆیی وە قەرزێکیشی هەیە پێی دەوترێت قەرزی دەرەکی، قەرزە ناوخۆییەکان تا ٣٠ی ٦ رێژەکەی بریتی بووە لە ٤٠ ترلیۆن و ٨١٠ ملیار دینار ئەمە قەرزی ناوخۆیی بووە، قەرزی دەرەکیش ٢٥ ملیار و ٤٤٤ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێستا قەبارەی قەرزەکان زۆر زیادی کردووە، وە دەکرێت بڵێین لەئێستادا قەرزی ناوخۆیی سەرو ١٥ ترلیۆن دیناری دیکەی رۆشتووەتە سەر و بەهەمان شێوە قەرزی دەرەکی زۆر زیادی کردووە، لەراستیدا دوای ئەم بەروارەش کە کۆتا راپۆرتی حکومەت بووە عێراق دوو قەرزی دیکەی وەرگرتووە.

 

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تەبا سەبارەت بەوەی ئایا تا چەند عێراق توانای دانەوەی ئەم قەرزانەی هەیە، بیلال سەعید بەم جۆرە وەڵامی دایەوە، “بەداخەوە عێراق لەم کات و ساتەدا بە دڵنیاییەوە بە هیچ جۆرێک ناتوانێت قەرزەکانی بداتەوە، لە ئێستاشدا بەم سیاسەتە لە بەڕێوەبردنی ئابووری عێراق کە سەرچاوەکەی تەنها نەوت بێت وە نەوتیش هاوشان و یارمەتی دەری نەبێت بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرز بێتەوە بەدڵنیاییەوە مەترسی روبەڕووی ئابووری دەکاتەوە وە دانەوی قەرزەکانیشی دوا دەخات. کاتێک وڵات دەتوانێت قەرز بداتەوە کە سەرچاوەکانی داهاتی زیاد بکات، کە لە عێراقدا بەداخەوە ئەوە نابینین و هەستی پێ ناکەین، لەکاتێکدا کە نەوت تاکە سەرچاوەیە وە بەردەوامیش کورتهێنانی هەیە. بەهەمان شێوە لە ئێستادا مەترسیەکی دیکە روبەڕووی عێراق دەبێتەوە کە ئایا ئەو کورتهێانەی لە بودجەی ٢٠٢١دا روبەڕووی دەبێتەوە چۆن پڕی دەکاتەوە ئایا قەرز وەردەگرێت کە قەبارەی قەرزەکانی دووبارە زیاد بکات یان جارێکی دیکە دەست دەبات بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ ئەوەی پڕکردنەوەیەک لە کورتهێنان رووبدات کە هەر یەکێک لەمانە لە راستیدا مەترسیەکی جیاوازی خۆی هەیە”.

 

لە کۆتاییدا بیلال سەعید شارەزا لە بواری ئابووری لەبارەی بەرژەوەندیەکانی هەرێم لە پەسەندکردنی یاسای قەرز کردن ئاماژەی بەوەدا، “بەداخەوە سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای قەرز تا چەند لە بەرژەوەندی هەرێمدایە لە راستیدا هیچ دەرچەو دەرگایەکی نییە کە پێمان بڵێت لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دایە، چونکە جێگای پشکی هەرێمی تێدا نەکراوەتەوە کە هەرێم چەند وەردەگرێت، وە هەروەها لەکاتێکدا ئێمە بڕیار بێت لە چوارچێوەی عێراقدا بژین قەبارەی ئەم قەرزانەش کە زیاد دەکات مەترسی لەسەر هەرێم دروست دەکات چونکە دواجار عێراق دەڕواتە ژێر ئەم بەرپرسیاریەتیە کە ئەم قەرزانە بداتەوە، وە ئەگەر رێکەوتنێکیش بێتە کایەوە گۆرانکاری لە دانەوەی قەرزەکان ناکات، چونکە قەبارەی قەرزەکانی عێراق بە بەردەوامی لە زیاد بووندایە”.

 

رەشنووسی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی‌ كورتهێنانی‌ دارایی:

لەمادەی یەکەمی رەشنووسەکەدا داهاتی خەملێندراوی عێراق بۆ چوار مانگی داهاتوو زیاتر لە ١٩ ترلیۆن و ٧١٩ ملیار و ٤٨٣ ملیۆن دینارە، داهاتەکە بەپێی فرۆشتن و نرخی نەوت دیاریکراوە کە
بۆ هەر بەرمیلێک ٤٠ دۆلار و ٥١ سەنت داندراوە.

بڕی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانەی بە ٣ ملیۆن و ٣٣ هەزار و
٢٧٣ بەرمیل خەمڵاندووە بە ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمەوە.

کۆی گشتی خەرجیەکانی بۆ مانگەکە بە زیاتر لە ٥٧ ترلیۆن و
٨١١ ملیار و ٤٥٣ ملیۆن دینار خەملێندراوە و کۆی گشتی کورتهێنانیش ٤١ ترلیۆن و ٦٢٩ ملیار و ٨٣٧ ملیۆن دینارە.

لە رەشنووسەکەدا باسی بەشی هەرێم کراوە کە لەدوای دەرکردنی خەرجییە سیادیەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دیاریدەکرێت. ئەم یاسایە دوای پەسەندکردنی لەلایەن
پەرلەمانی عێراقەوە تا ١/١/ ٢٠٢١ کاری پێدەکرێت.