ئەمڕۆ دووشەممە لێژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەهێرشە موشەکییەکەی سەر شاری هەولێر(ئەربیل) بەسەرۆکایەتی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەوە و ژمارەیەک لەبەرپرسانی حکومەتی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرد.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، بەسەرۆکایەتی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و بەئامادەبوونی بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی فیدڕاڵی، لیژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەهێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر کۆبووەوە.
پێشتر حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندبوو، “هەڵوێستمان لەگەڵ ئێران ئەرێنییە، بەڵام سەروەری خاکی وڵاتەکەمان هێڵی سوورە، بۆیە بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری و روونکردنەوە لەسەر هێرشەکەی هەولێر، بڕیاردراوە بەرپرسی دۆسیەی ئێران کە هاوکات بریکاری وەزارەتی دەرەوەیە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت”.
شەوی 13/12-3-2022. پاش کاتژمێر یەکی بەرەبەیانى، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عیراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیل نشینەکان بەر هێرشەکە کەوتن.