لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ کۆتایی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیران، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدات کە قەبارەکەی بەرز دەبێتەوە بۆ 222 ترلیۆن دینار و 30%یش بۆ بوواری وەبەرهێنان دەبێت.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند: بەهۆی داوای وەزارەت و پارێزگاکانەوە، قەبارەی بودجەی ساڵی داهاتوی وڵات بەرز دەبێتەوە و بەوهۆیەشەوە، وەزارەتی دارایی سەقاڵی پێداچونەوە و هەموارکردنەوەی ئەو پێشنیازانەیە کە ئاراستەی کراون لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە: پێشبینی دەکەن قەبارەی بودجەکە بۆ ساڵی داهاتوو، بگاتە 222 ترلیۆن دینار و چاوەڕوانیشن کۆتایی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدات و ئاراستەی پەرلەمانی بکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی، بودجەی بەکاربردن لە پرۆژە یاساکەدا، بگاتە 70% و بودجەی وەبەرهێنانیش 30% بێت.