لووتکەی چین – وڵاتانی کەنداو دەستیپێکرد

لووتکەی چین – وڵاتانی کەنداو دەستیپێکرد

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
لووتکەی چین – وڵاتانی کەنداو دەستیپێکرد
0

لایک

بە ئامادەبوونی شی جینپینگ، سەرۆکی چین و سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، کۆبوونەوەی لووتکەی چین و شەش وڵاتەکەی کەنداو (سعودیە، کوێت، قەتەر، سەڵتەنەتی عومان، بەحرەین و ئیمارات) لە ریازی پایتەختی سعودیە دەستیپێکرد، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا سەرەکیترین ئەو ئاستەنگییانەی رووبەڕووی ناوچەکە و جیهان بووەتەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و ژمارەیەک رێککەوتنامەش لە بوارەکانی “هاریکاری ستراتیژی” لەسەرجەم بوارەکان واژۆ دەکرێن.

شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بکەن، ستایشی وڵاتانی کەنداویش دەکات کە وەک دامەزراوەیەکی کاریگەری جیهانی کاردەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگیانەی رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیاردراوە بە دروستکردنی ئەنجومەنێکی هاوبەش لەنێوان چین و وڵاتانی کەنداو بەمەبەستی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتی، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر بونیادنانی هاوکێشەیەکی نوێ بۆ هاوکاری نێوان هەردوولا لەبواری وزەدا، سەرەڕای ئەوەش پەکین بەردەوام دەبێت لە هاوردەکردنی بڕێک زۆری نەوت و غاز لە وڵاتانی کەنداوەوە.

لای خۆیەوە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاند، ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو پێداگرە لەسەر کاری هاوبەش لەگەڵ چین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاستەنگییە جیهانییەکان، هەروەها ئەنجومەنی کەنداو خواستی هاوبەشی جۆراوجۆر و خێراترکردنی گەشەی پەیوەندییەکانی هەیە لەگەڵ پەکین.