بە ئامادەبوونی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە سەرۆک و نوێنەری وڵاتان، لوتکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدانی سعودیە دەستیپێکرد.
محەمەد بن سەلمان، جێنشینی شای سعودیە لە وتەی دەستپێکردنی لوتکەی جەددە رایگەیاند، “ئەم لوتکەیە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت کە ناوچەکەمان رووبەڕووی چەندین ئالنگاری بووەتەوە، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی هەمەلایەنە هەیە لە چوارچێوەی پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان، هەروەها پاراستنی خاکی وڵاتان، بۆ کارکردنی پێکەوەیی و بەرژەوەندی ئابووری هاوبەش پێویستمان بە هەماهەنگی هەیە”.
جێگری شای سعودیە لە وتیشی، “ئێمە لە چرکەساتێکی هەستیاری مێژووییداین لە ناوچەکە بەهۆی قەیرانی ئابووری و پەتای کۆرۆنا، کێشەی ژینگەیە و گۆڕانکاری کەشوهەوا کێشەیەکی دیکەیە رووبەڕوومان بووەتەوە، لەسەر بنەمای رێککەوتنی پاریس ئەرکی هەموومانە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەکان ببینەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەرزبوونەوەی نرخی وزە کاریگەری نێودەوڵەتی و سیاسی و ئابووری دەبێت، جۆرێک لە برسیەتی بەدوای خۆی دا دێنێت، بۆیە پێویستە سوود لە هەموو سەرچاوەکان بکەین کە هاوکارن بۆ کۆمەڵگە و بازاڕی نێودەڵەتی، بۆیە سعودیە دەیەوێت پشت ببەستێ بە ستراتیژێک کە خزمەت بە ژینگە بکات. رێژەیەکی نەوت بخاتە بازاڕەوە کە تێکچوون لە ئاستی نێودەوڵەتی دروستبێت، سعودیە لەو بوارە سوود وەردەگرێت و رێژەی بەرهەمێهنانی نەوت زیاد دەکات بۆ 13 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە راستیدا داهاتووی وزە بەردەوام لە گەشەکردن دا دەبێت، ئێمە بەجۆرێک ئیش دەکەین سەقامگیری نێودەوڵەتی دروست بکات”.
محەمەد بن سەلمان داوایەکی ئاڕاستەی ئێران کرد و رایگەیاند، “داوا لە ئێران دەکەین وەک وڵاتێکی دراوسێ هاوکارمان بێت لە رووی پابەندبوون بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، هەروەها هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندیدارن بە رۆڵی ئێران، دەخوازین وەک دەوڵەتێکی دراوسێ بێتە پێشەوە و هاوکارمان بێت”.
لەبارەی عێراق، جێنشی شای سعودیە وتی، “کۆمەڵێک رێککەوتن لەنێوان عێراق و وڵاتانی دەوڵەتی عەرەبی هەن لەبارەی کەرتی کارەبا، بۆ ئەوەی بە جۆرێک وزەی کارەبا بۆ عێراق دابین بکەین”.