له‌هه‌ولێر نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو

له‌هه‌ولێر نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
له‌هه‌ولێر نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو
0

لایک

لە مزگەوتی کورەچییان لە شاری ھەولێر، وەک تەواوی مزگەوتەکانی دیکە، رێوڕەسمی نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو کە تێێدا،گوتارخوێنی مزگەوتەکە، مامۆستا وشیار دوای نوێژ،گوتاری جەژنی خوێندەوە و تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێک و ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لە جەژنی قورباندا دەست کراوەبین بەرامبەر بە ھەژار و کەمدەرامەت و ئەوەیشی خستەڕوو قوربانیکردن لەم رۆژانەدا خێرێکی زۆر گەورەیە.


لە بەرەبەیانییەکی زوو، موسڵمانان بە مەبەستی بەشدارییکردنییان لە نوێژی جەژن بەرەو دەرگای مزگەوتەکان ھەنگاویان نا و، دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانیش، جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازاییان لەیەکتر کرد.


وێرای تورکمان، چەندین عەرەب و کەسانی دیکەی بیانیش وەکو ھندی و بەنگلادیشی و پاکستانی لە مزگەوتەکە ئامادەبوون، ھەندێکیان بە جلوبەرگی کولتووری خۆیان و ھەندێکیان بە جلوبەرگی کوردی بەشداری رێوڕەسمەکەیان کرد.


لەمیانی ئەنجامدانی وتاری نوێژی جەژن، مامۆستا وشیار وتی، “خوا دەرفەتێکی دیکەی پێداین کە بتوانین بەشداربین لە نوێژی ئەم جەژنە، ھیوادارم لەم جەژنەدا ھەموو رق و قینەیەک لە دڵ دەربچێت، بییەت جەژنێکی ئاشتەوایی، گرنگی ئەم جەژنە لەوەدایە کە دوای نوێژ دەچیەوە ماڵەوە جەژنە پیرۆزە لەگەڵ ئازیزانت دەکەی”.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مامۆستا وشیار ئاماژەی بە پاک و خاوێنی کرد لەمیانی قوربانی کردندا و وتی: “ھەر کەسێک کە قوربانیی دەکات، پێویستە پاشماوەی ئاژەڵەکە بەشێوەیەکی جوان کۆبکاتەوە و بەجۆرێک فڕێی نەدات کە دواجار دەبێتە ھۆی پیسبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کە بێگومان ئەمەش زیاتر گوناحی پێ دەگات تا خێر، بۆیە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستیی یەکێکە لە ئەرکە ھەرە گرنگەکانی مرۆڤایەتی بەگشتی”.


جەژنی قوربان تایبەتە بە ھەموو موسڵمانان کە لە چوار رۆژ پێکدێت و تیایدا موسڵمانان گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن، لەم جەژنەدا خێر و قوربانی زۆر دەکرێت و رۆژێکی تیادا دیاریکراوە کە دەکەوێتە رۆژێک دوای 9ی زولحەججە کە حاجیان لەو رۆژەدا لەکێوی عەرەفە دەوەستن کە گرنگترین پایەی ئەنجامدانی حەجە و، جیاوازیکەری نێوان حەج و عەمرەیە و بەگشتی رۆژەکە دەکەوێتە 10ی زولحەججە بەردەوام دەبێت تا 13ی زولحەججە.