كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە میسر ئیدانەی بڕیارێکی دەسەڵات دەکات

كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە میسر ئیدانەی بڕیارێکی دەسەڵات دەکات

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە میسر ئیدانەی بڕیارێکی دەسەڵات دەکات
0

لایک

كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە میسر رایگەیاند کە ئیدانەی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو ئەندامی ئیخوان موسلیمین لەلایەن دەسەڵاتدارانی میسرەوە دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كارە پەیامێكی تیرۆركردنە بۆ گەنجان.

 

 

پێشتر راگەیەندرابوو كە دەسەڵاتدارانی میسر، سزای لەسێدارەدانیان بەسەر دوو ئەندامی ئۆپۆزسیۆن بە ناوەكانی یاسر ئەباسیری تەمەن ٤٩ ساڵ و یاسر شوكر تەمەن ٤٥ ساڵدا جێبەجێكردووە، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی میسر هیچ روونكردنەوە و زانیارییەكیان لەوبارەوە بڵاونەكردووەتەوە.

 

لەمبارەیەوە تەڵعەت فەهمی، وتەبێژی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە بەیاننامەیەكدا پشتڕاستیكردووەتەوە كە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی میسر سزای لەسێدارەدانیان بەسەر یاسر ئەباسیری و یاسر شوكر-دا جێبەجێكردووە.

 

تەڵعەت فەهمی راشیگەیاندووە، جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكە لەم كاتەدا كە خۆپیشاندان دژبە رژێمی میسر ئەنجام دەدرێت، پەیامێكی تیرۆركردنە بۆ گەنجان.

 

یاسر ئەباسیری و یاسر شوكر دوای ئەوە لەسێدارەدراون كە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی میسرەوە بە ئەنجامدانی كردەی توندوتیژی لە میانی خۆپیشاندانەكانی شاری ئەسكەندەرییە باكووری ئەو وڵاتە لە هاوینی ٢٠١٣دا، تاوانبار كرابوون.

 

حكوومەتی میسر زۆر جار ئەوە رەت دەكاتەوە كە زیندانی سیاسیی لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە هەبن و جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە رێز لە یاسا و دەستوور دەگرێت و دادگا لە میسر سەربەخۆیە.

 

گوتەبێژی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین، تەڵعەت فەهمی لە بەیاننامەكەدا باسی لەو كردووە لەژێر ئەشكەنجەدا و دوور لە گرتنەبەری رێوشوێنی دادوەریی، یاسر ئەباسیری و یاسر شوكر دان پێدانانیان لێوەرگیراوە و لەسەر ئەو دۆسیەیش تاوانباركرابوون، بەڵام زۆرجار دەسەڵاتدارانی میسر ئەو تۆمەتانە رەت دەكەنەوە.

 

بەپێی میدیاكانی خۆجێی، رووداوەكانی ئەو دۆسیە بۆ ئابی ٢٠١٣دا دەگەڕێتەوە، كاتێك خۆپیشاندان لە شاری ئەسكەندەرییە ئەنجامدرابوون و لە میانیدا رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان وخۆپیشاندەران روویدابوو كە لە ئاكامدا، ١٥ كەس كوژران لە نێویاندا دوو كارمەندی ئەمنی.

 

دواتر داواكاری گشتیی میسر، كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین بە تێوەگلان لەو خۆپیشاندانە تۆمەتباركردبوو، بەڵام تۆمەتبارانی ئەو دۆسیە لەڕێگەی پارێزەرەكانیانەوە ئەو تۆمەتانەیان رەتكردەوە كە ئاراستەیان كرابوو.

 

بەپێی ئامارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی مافی مرۆڤ لە میسر لە میانی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی رابیعەی عەدەویە و نەهزە، ٦٣٢ خۆپیشاندەر و هەشت پۆلیس كوژراون، بەڵام بەپێی ئامارەكانی ئۆپۆزسیۆن، دوو هەزار كەس كوژراون و برینداربوون.