بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رایدەگەیێنێت کە بەراورد بە ئەمڕۆ پێنجشەممە رۆژی شەممە پلەی گەرما نزیکەی 5 بۆ 6 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە و دەشڵێت “رۆژ شەممە پلەی گەرما لە ئیدارەی گەرمیان بۆ سەرووی 45 پلە بەرزدەبێتەوە.”
رۆژی 16-6-2022، بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم راگەیێندراوێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هەرێم بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەگەڵ دەستپێکى هەفتەى داهاتوو [رۆژى شەممە 18-6-2022] “پێشبینى بەرزبوونەوەى بەرزترین پلەکانى گەرما بە نزیکەى 5 بۆ 6 پلە بە بەراورد بە ئەمڕۆ پێنجشەممە هەیە.”
کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە ئاماژە بەوە دەدات “لەگەڵ چالاکبوونى نزمە پاڵەپەستۆى وەرزى گەرمیی ساڵانە، شەپۆلێکى گەرما لە رۆژى شەممەوە کار دەکاتە سەر ناوچەکەمان و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما لە تەواوى ناوچەکەمان دەبێت.”
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، “لە زۆربەى ناوچەکان بەرزترین پلەکانى گەرما لە سەرووى 40 پلەى سیلیزى دەبێت.”