قوباد تاڵەبانی: ھەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • قوباد تاڵەبانی: ھەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا

قوباد تاڵەبانی: ھەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا

سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "هەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا، بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی رووخاندن و شکستی حزبەکەمان".

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
قوباد تاڵەبانی: ھەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا
0

لایک

لەمیانی وتارێکدا قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لە دواهەمین پێشهاتە سیاسییەکان کرد و وتی، “پێویستە داڕشتنەوەیەکی راستگۆیانە بۆ سیاسەتی حزبەکەمان بکەین بۆ دارشتنەوەی دید و روئیایەکی سەردەمیانە و بۆ گەیاندنی پەیامێکی راستەقینەی نوێبوونەوە و چاکسازی”.

هاوکات تاڵەبانی رایگەیاند کە دیداری یەکێتی دەبێتە مایەی نزیکتربوونەوەی یەکێتیی لەگەڵ جەماوەر و دەنگدەرەکانی و وتی، ”زۆر جار دەبیستین کە دۆخی یەکێتی خراپە، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین دۆخی یەکێتی بەرامبەر چی خراپە، ئایا حزبێک ھەیە لە کوردستان دۆخی لە یەکێتی باشتر بێت و کێشەی ناوخۆیی نەبێت و ئایا یەکێتی دوای چی خراپ بووە و رووبەڕووی چی بووەتەوە لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی رابردوودا یەکێتی سەرەڕای جیابوونەوەی پۆلێک سەرکردە و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال نەڕوخا و لەسەر پێی خۆی مایەوە”.

ئەمڕۆ ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی، بە بەشداری کادر و سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هۆڵی وەرزشی پێشمەرگە دەستی پێکرد.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، “لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی بەشێک لە کێشەکانی یەکێتی چارەسەرکران، بەڵام ھەندێک کێشەی ترمان بۆ دروستبوو”، وەک ئاماژەیەکیش بە ژەهرخوارکردنی بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی گوتی: ”ھەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا، بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی رووخاندن و شکستی حزبەکەمان، نەیارەکانمان دڵیان بەوە خۆشە ئەمڕۆ یەکێتی دۆخی خراپە، لە کاتێکدا لێکدانەوەکانی رابردوویان ھەڵە بوو یەکێتی ھەر لەسەر پێی خۆی مایەوە، وەکو سەرۆک مام جەلال گوتوویەتی ‘سەفین لە بن بێت یەکێتی لە بن نایەت’، بۆیە ھەر کەسێک پێی وایە یەکێتی لەبەردەم رووخاندایە، ئەوە ئەو رۆژە بە چاوی خۆی نابینێت”.

سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی ئاشکراشیکرد، “دیداری یەکێتی ھەنگاوێکی راستەقینەیە بۆ چاکسازی و نوێبوونەوە و داڕشتنی سیاسەتێکی نوێ و سەردەمیانە، ئەگەر بتوانین لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتووبین ئەوا دەتوانین ئاشتبینەوە لەگەڵ جەماوەرەکەمان، خەڵک چاوەڕێییە یەکێتی دەستپێشخەر بێت لە چاکسازی و سەرکردایەتی نوێبوونەوە بکات و داھێنەر بێت لە سیاسەت و پێشەنگ بێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵانی خەڵک”.