قایمقامی ناوەندی هەولێر(ئەربیل) رایدەگەیەنێت، هەندێک کەس و بازرگان دەیانەوێت دۆخەکە ئیستغلال بکەن و نرخی خۆراک بەرزبکەنەوە، چاودێریکردنی بازاڕ و ئیجرائاتەکان توندتر دەکەن و چاوپۆشی لە کەس ناکەن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تایبەت بە گرانبوونی نرخی زەیت و رۆن رایگەیاند:
“لیژنەکانی چاودێری بەسەر بازاڕ کارەکانیان چرتر دەکەن و ئیجرائاتەکانیان توندتر و زیاتر دەکرێن.
بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، شڵەژانێک لە بازاڕەکان دروستبووە و نرخی هەندێک ماددە بەرز کراونەتەوە، بەڵام تێبینی ئەوەمان کردووە هەندێک کەس ئەو دۆخە ئیستغلال دەکەن، بەتایبەتی زەیت و رۆن، کە سەرچاوەی دروستکردنی وڵاتی ئۆکرانیایە، ئەمە تەنها لە هەولێر نییە، هەموو شارەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی بە گشتی گرتووەتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە چاودێری چڕمان دەبێت بەسەر بازاڕ.
رێگە بە کەس نادرێت ئیستغلالی بازاڕ بکات، چونکە گرانبوون هەیە و گرانکردنیش هەیە، نرخی زەیت و رۆن بە رێژەیەک بەرزبووەتەوە، وەزارەتی بازرگانیش ئاگادارە، ئێمە ئەمڕۆ هاتووینەیتە کۆگاکان بۆ ئەوەی نرخی کڕین و فرۆشتنەوە بزانین، ئیجرائات بەرامبەر هەموو ئەو سەرپێچیانە دەکرێت کە لە بازاڕ هەن و رێگە بە گرانکردنی بازاڕ نادەین.
بەشێک لە خاوەن مارکێت و دوکانەکان داوا لە کۆمپانیاکانی خۆراک دەکەن بڕی زیاتری خۆراکیان پێبدەن، بۆ ئەوەی بیشارنەوە و نرخەکەی گران بکەن، رێگە بەوە نادرێت، هەموو ماددەکان زۆرن و هیچ دەروازەیەک دانەخراوە و بەردەوام خۆراک و کەلوپەل هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کۆگاکان پڕن لە خۆراک بەتایبەتی زەیت و رۆن، بۆیە پێویست ناکات خەڵک خۆی تووشی دڵەڕاوکێی بکەن، هەندێک خەڵک زیاد لە پێویستی خۆیان ئەو ماددانە دەکڕن بەتایبەتی زەیت و رۆن، هەندێک ماڵ بوونەتە کۆگا.
لەسەر رێنمایی سەرۆکایەتی حکومەت هەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان دەکرێت، لەپێناو دابینکردنی خۆراک، هەروەها ئیجرائاتی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەکرێت. تێبینیمان لەسەر چەند کۆمپانیا و مارکێتێک هەیە و ئیجرائاتیان لەگەڵ دەکەین و رایدەگەیەنین، چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەین، بەڵام دەبێ هاووڵاتییانیش خۆیان رێکبخەنەوە و روونەکەنە مارکێتەکان، چونکە هیچ کێشەیەک نییە و خۆراک زۆرە”.