قایمقامی هەولێر(ئەربیل) بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر بازارەکان هەڵسەنگاند
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • قایمقامی هەولێر(ئەربیل) بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر بازارەکان هەڵسەنگاند

قایمقامی هەولێر(ئەربیل) بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر بازارەکان هەڵسەنگاند

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
قایمقامی هەولێر(ئەربیل) بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر بازارەکان هەڵسەنگاند
0

لایک

قایمقامی هەولێر(ئەربیل) سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی و دۆخی بازار و گرانبوونی نرخی کاڵاکان تایبەت بە “تەبا” دوا.

 

لای هەموومان ئاشنایە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، گرانییەکی بەرچاو بازارەکانی داپۆشیوە و بۆ ئەم مەبەستەش ئاژانسی تەبا لەگەڵ قایمقامی هەولێر(ئەربیل) سەبارەت بە پرسی کۆنترۆڵ کردنی بازار جاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا.

 

لە وەڵامیی پرسیاری پەیامنێری تەبا سەبارەت بە پێکهێنانی لێژنە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا کە بەرامبەر نرخی کاڵا هاتووەتە ئاراوە لە بازارەکان نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، ” ئێمە وەکو قایمقامییەتی هەولێر(ئەربیل) لێژنەیەکمان هەیە کە لێژنەی بەدواداچوون و چاودێریکردنی بازاڕە، لێژنەکە بە سەرپەرشتی خۆمان کار دەکات، نوێنەری هەموو لایەنێکی تێدایە کە پەیوەندیدارن بەو کاروبارەی کە پێویستە لەناو بازاردا بگیرێتەبەر وەکو تەندروستی و ڤێتەرنەری و بەرگری شارستانی و گەشتو گوزار و کۆمەڵەی چێشتخانە و رێستورانتەکان و هەموو ئەو فەرمانگانەی کەوا پەیوەندیدارن بە پرۆسەکە، بەپێی پلان ئەو لێژنەیە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات بەڵام لە کاتی پێویستدا لێژنەکە بە زووترین کات کۆدەبێتەوە و سەردانی شوێنی دیاریکراو دەکەن، لەکاتی سەردانیکردنەکەدا جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکەن وەکو پاک و خاوێنی و کوالێتی خواردن و خواردنەوەکان جا چ رێستورانت بێت یاخود چێشتخانەیەکی میللی بێت یاخود مارکێتێک بێت”.

 

سەبارەت بە کۆکردنەوەی داتای ساڵانەی سەرپێچییەکان و سزا سەپێندراوەکان لەساڵی ٢٠٢٠ قایمقامی هەولێر(ئەربیل) وتی، ” سەرەرای ئەوەی بارودۆخی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادا بوو بەڵام لە کۆتایی ساڵەکەدا توانیمان داتاو ئامارەکان بە ژمارە رابگەیێنین، چەند شوێن داخراوە و چەند سەرپێچی کراوە و بڕی ئەو پارەیەی کە خەڵکی پێ سزا دراوە، ژمارەی ئەو شوێنانەی داخراون بەڵام سەرەرای ئەم هەموو کێشەیە، شوێن هەبوو زۆر بە رێکو پێکی کارەکانی خۆی ئەنجامدابوو کە بۆ ئێمە جێگای دەستخۆشییەکی زۆرە”.

 

نەبەز عەبدولحەمید لەبارەی ئەو دۆخەی ئێستای بازار و گرانبوونی نرخی کاڵاکان و چۆنییەتی هەوڵدانیان بۆ هاوسەنگ راگرتنی دۆخەکە ئاماژەی بەوەدا، “لە راستیدا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی خۆتان دەزانن لە دەسەڵاتی کەسمان دانەبوو، لە ئەنجامی بڕیارێکی بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق بوو ئەویش بەهۆی بارودۆخی دارایی، ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە رێگای لێژنەکانی خۆمان چاودێرییەکی زۆر توندمان لەسەر بازار کرد، بگرە لەوەی جگە لە لێژنەی قایمقامییەت، لێژنەکانی دیکەی وەکو لێژنەکانی چاودێری بازرگانی و لێژنەکانی ئاسایش هۆبەی ئاو بۆ ئەم پرسە راسپێردرابوون بۆ چاودێریکردنی بازار و رێگری کردن لە هەر قۆرخکارییەک کە بەداخەوە کەسانێک هەن لە ئەگەری روودانی ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە هەوڵ دەدەن دۆخەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە و قۆرخکاری ئەنجام بدەن. لەسەر بنەمای گرانبوونی بەهای دۆلار لێژنەکانمان دەچن پشکنین و بەدواداچوون لەو شوێنانەدا دەکەن، لە راستیدا بەرزبوونەوەی نرخ دۆلار کاریگەری لەسەرکاڵا و خواردن و خواردنەوەکان هەیە بەڵام ناتوانین رێگە بدەین بەم شێوەیە نرخی کاڵاکان بەگشتی بەرزببێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر نرخی دۆلار بەرێژەی٢٠٪ بەرزبووەتەوە ناتوانین رێگا بدەین کە کاڵاکان بەرێژەی ٥٠ ٪ نرخیان بەرزببێتەوە، خەڵکانێک هەبوون بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ نرخی کاڵاکان دەکرد بەڵام ئێمە لە رێگەی لێژنەکانمان توانیمان رێکاری یاسایی لە بەرامبەریان بگرینە بەر و پێبژاردەیان بکەین، ئامانجمان ئەوەیە سەقامگیری بگەرێتەوە نیو بازارەکان”.

 

قایمقامی هەولێر(ئەربیل) ئاماژەی بە ژمارەی لێژنەکانی شاری هەولێر(ئەربیل) کرد و وتی، “لە راستیدا ئێمە وەکو قایمقامییەت ٢٨ لێژنەمان هەیە کە لە قایمقامییەت کاری خۆیان دەکەن بەڵام ئەوەی تایبەتە بە چاودێریکردنی دۆخی بازار لێژنەیەکی فراوانمان هەیە کە وەکو لێژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی شاری هەولێر(ئەربیل) سەیر دەکرێت، نوێنەری هەموو ئەو لایەن و فەرمانگانەی تێدایە کە رۆژانە کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن بەڵام لەگەڵ لێژنەی باڵای قایمقامییەت چەندین لێژنەی دیکەی لاوەکیمان هەیە، بۆ نموونە لە تەندروستی دەیان لێژنە هەیە و چاودێری بازرگانی بە دەیان لێژنەی هەیە، بەرێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەرێگەی لێژنەکانی خۆی کە سەربە بەشی ئابووری ئاسایشە بە دەیان لێژنەی خۆیان هەیە کە چاودێری بازار دەکەن بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان هەموو لێژنەکاندا هەیە، لە هەمان کاتدا ئەو بڕیارانەی کە لە بەرامبەر سەرپێچیکاران دەدرێت بڕیاری دروستن، هەموو کاتێکیش هەوڵمان داوە ئەو هەڵانەی کە لەلایەن ئەو سەرپێچیکارانەوە ئەنجامدراوە چاکبکرێنەوە و دووبارە روونەدەنەوە، مەبەستی ئێمە داخستنی یەکجارەکی شوێنی سەرپێچیکردنەکە نییە بەڵکو مەبەستی ئێمە چاکردنەوەی سەرپێچی و ئەنجامنەدانی هەڵەکانی پیشووترە. لە ئەگەری دووبارە و سێبارە بوونەوەی سەرپێچییەکاندا ئێمە رێگەی دادگامان هەیە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان ئەویش لێپێچینەوەی دادوەرە لەگەڵ کەسانی سەرپێچیکاران”.

 

نەبەز عەبدولحەمید لە بەرامبەر پرسیاری ئەوەی کە چاوپۆشی لە گرانبوونی کاڵاکان دەکرێت، بۆ نموونە لەئێستادا کێشی سەموون و نان دابەزیوە و کاردانەوەی لێژنەکانی بەدواداچوون بەرامبەر ئەو فرنییانەدا چییە؟ وتی ، “ئێمە چۆن بەرژەوەندی خەڵکی ئاسایی لە پێشەنگی کارەکانمان دایە، بەم جۆرەش بەرژەوەندی خاوەن دوکان و بازرگانەکانمان لە بەرچاودا گرتووە و هەوڵ دەدەین هاوسەنگییەک لە بازارەکاندا جێگیرمبکەین، چونکە ئێمە خواستی ئەوەمان نییە کە ئەو شوێنانە دابخرێن، لە ئەگەری داخستنی ئەم دوکانانە زەرەر بە چەند خێزان دەگات کە بژێوی ژیانی رۆژانەیان لەسەر ئەم کار و شوێنەیە، ئێمە ئەرکی سەرشانمانە پشتگیری ئەوانیش بکەین بە مەرجی ئەوەی کە ئەوانیش بە هەلی وەرنەگرن و قۆرخکاری ئەنجام نەدەن، سەبارەت بە نانەواخانە و فرنەکان، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و روون و غاز دا، ئەوان داوایان کرد ژمارەی نان و سەموون کەم بکرێتەوە بەڵام ئێمە رێگامان نەدا کەمکردنەوە لە ژمارەکە رووبدات بەڵکو هەوڵماندا بتوانین چارەسەری مامناوەند بدۆزینەوە، ئەویش تاکو ١٠ غرام ئەگەر لە کێشەکەی کەم بکرێتەوە ئەگەری هەیە لەلایەن لێژنەکانەوە هاوکاری بکرێن، وەکو پیشتریش ئاماژەم پێدا ناتوانین کارێکی وا بکەین کە نانەوا و فرنەکان دابخرێن”.

 

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر(ئەربیل) لە کۆتا وتەکانیدا سەبارەت بە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید٢٠) کە لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵابووەتەوە داواکارییەکی ئاراستەی دانیشتووانی شاری هەولێر(ئەربیل) کرد و وتی، “داواکاریمان لە خەڵک ئەوەیە کەوا پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و هەر بڕیارێک و راسپاردەیەک لە حکومەتەوە دەردەچێت جێبەجێ بکرێت، هەوڵ بدەن هاوکاری هەموو تیمەکان و هەموو لێژنەکان بن، لە کاتی سەردانیکردندا ماسک ببەستن و قەرەباڵغی دروست نەکەن، پرسە دانەنێن، ئاهەنگی بووک گواستنەوە ساز نەکەن. ئەگەر ئێمە وابکەین بە دڵنییاییەوە دەگەینە قۆناغێکی ئارام”.

 

 

هەواڵ: پنار چەلەبی

فۆتۆ: عەلی جامبازئۆغلو