لیوا روکن جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانانەی کە ھەفتەی رابردوو بەھۆی گرژییە ئەمنییەکانەوە لە قەزای شنگال ئاوارەبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
لیوا روکن جەبار تائی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی “ئەلسەباح”ـی نیمچە فەرمی عێراقی رایگەیاند، لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، گرژی ئەمنیی لە قەزای شنگال روویدا کە دواتر لەلایەن ھێزەکانی سوپاوە کۆنترۆڵکراوە و وتی، “لەئێستادا، رەوشی قەزای شنگال، ئارام و سەقامگیرە”.
ئەوەشی ئاشکراکرد، کە ھێزەکانی سوپا بەشێوەیەکی باش مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو لە قەزای شنگال کردووە، بەڵگەش لەسەر ئەوەیە کە ھیچ کەسێکی مەدەنی بریندار نەبووەوە لە کاتێکدا لە میانی رووداوەکاندا، یەک سەرباز کوژراوە و نۆ سەربازی دیکەش برینداربوون.
جێی باسە، رۆژی دووشەممەی رابردوو، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پەکەکە سەریھەڵدا و لە پێکدادانەکاندا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.