فڕۆکەیەکی سەربازی رووسیا لە شاری ئیرکوتسكی سیبریا کەوتەخوارەوە و خۆی بە دوو باڵەخانەدا کێشا، لە ئەنجامی رووداوەکەشدا دوو فڕۆکەوان کە ئەرکی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکەیان پێ سپێردرابوو گیانیان لەدەستدا.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری ئیگۆر کۆبزێڤ، پارێزگاری ناوچەکە بڵاویکردەوە، “هیچ یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە زیانیان پێنەگەیشتووە، بەڵام هەردوو فڕۆکەوانەکە گیانیان لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، فڕۆکەکە لەجۆری سیخۆ (Sukhoi Su-27)ـبووە و لە گەشتێکی تاقیکاریدا کەوتووەتە خوارەوە، کە بەهۆیەوە ئاگر لە بیناکان کەوتووەتەوە.
جێی باسە، لە 17ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا فڕۆکەیەکی رووسیا لەجۆری Su-34 لە شاری یەیسک لە سنووری پارێزگای کراسنەداری باشووری رووسیا کەوتەخوارەوە و لە ئەنجامدا 13 کەس گیانییان لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش برینداربوون.