فڕۆكەخانەی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • فڕۆكەخانەی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

فڕۆكەخانەی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

نیسان 6, 2023 19:39
فڕۆكەخانەی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
0

لایک

بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ تورکیا تا ٣ی تەمموزی ٢٠٢٣ بەردەوامدەبێت.


بەشی پەیوەندییەگشتییەكان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “بەهۆی داخستنی ئاسمانی توركیا بەرووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی توركیاوە تا ٣ى تەمموزی ٢٠٢٣، ئاگاداری گەشتیارانی گەشتی ژمارە (DE 827) لەنێوان (دۆسلدۆرف – سلێمانی _ دۆسلدۆرف) دەكەین، بەهۆی پێنەدانی رەزامەندی بە تێپەڕبوونی فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی كۆندۆر بەسەر ئاسمانی توركیادا گەشتی كۆمپانیای ناوبراو هەڵوەشاوەتەوە”.

دەشڵێت، دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتییان و گەشتیاران، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە رێگای كەناڵی پەیوەندییە رەسمییەكانەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە و ئاسایی كردنەوە گەشتەكان، لە هەر گۆڕانكارییەك هەموو لایەك ئاگادار دەكەنەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، سێ رۆژ لەمەوبەر دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا رایگەیاند، گەشتەکانیان لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانیدا تاوەکو مانگی تەمموز راگرتووە.

هاوکات، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردبوو، راگرتنی گەشتەکان بەهۆی زیادبوونی چالاکی پەکەکەیە لە سلێمانیدا و ئەو گەشتانەش دەگرێتەوە کە لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و وڵاتانی دیکەدان و ترانزێتەکەیان لە تورکیایە.

En az 10 karakter gerekli