فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و فەیسەڵ بن فەرحان هاوتا سعوودییەکەی لە مەغریب کۆبوونەوە.
بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە لە شاری مەراکش لە مەغریب بەڕێوەچوو، لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، هەردوولا هەڵسەنگاندنیان بۆ کۆی پێشهاتەکان و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرد و لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان کرد، هاوکات جەختیان لە پێویستی چارەسەریی ئاشتییانە بۆ کێشەکان کرد کە دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی.
فوئاد حوسێن لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، حکوومەتی عێراق بە هەموو تواناکانییەوە کار دەکات و هەوڵەکانی لە بواری پەیوەندییەکان دەخاتە گەڕ بۆ رەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ لێکتێگەیشتنەکانی نێوان تاران و ریاز.
هەر لە دیدارەکەدا، هەردوو وەزیر باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و تاران و باشترکردنی لە بوارە جیاجیاکاندا کردووە و جەختیان لە پێویستی بەردەوامیی گفتوگۆکان کە لە بەغداوە دەستی پێ کرد کردووەتەوە بە ئامانجی چارەسەریی ئاشتییانە کە دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە جەختی لە رژدبوونی پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ عێراقدا کردووەتەوە.