لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان-عێراق، وەڵامى فراکسیۆنى پارتى دەداتەوە و رایدەگەیەنێت؛ دەیانەوێت سیستم و شێوەی هەڵبژاردن بگۆڕن و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت.
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق رایگەیاند: هەڵبژاردن و کۆمسیۆن دو یاسای تەواو نیشتیمانین، لە رابردودا هەموو هێزە سیاسییەکانی پەرلەمان ئەوەمان راگەیاندوە و رێککەوتن هەبوە لەسەری و بە یاداشت داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە.
باسی لەوەشکردوە، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان یەکێتی لەگەڵ پارتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن بووە.
زیاد جەبار ئەوەشی خستوەتەڕوو، یاسای هەڵبژاردنی ئێستا کەموکوڕی زۆری تێدایە و پێویستە هەمواربکرێتەوە، بۆیان دەرکەوتوە ئەم پەرلەمانە بە یەک بازنەیی ناتوانێت هاوسەنگی لە نێوان نوێنەرانی شار و شارۆچکەکانی هەرێم بێنێتەدی.
دەشڵێت، هەموکات پارتی و یەکێتی بە ساختەکردن لە هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکرێت و یەکیتی داوای پاک کردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکات و جیاوازی زۆر لە نێوان تۆماری دەنگدەرانی ساڵی 2018 و 2021دا هەیە و دەمانەوێت ئەو یاسایە هەمواربکەینەوە کە هەڵبژاردنێکی پوخت بکرێت.
لە کۆتاییدا زیاد جەبار ئاماژەى بەوەکرد، یەكێتی دوو پەیامی هەیە دەربارەی یاسای هەڵبژاردن، پەیامی یەکەم پێویستە لەکاتی خۆیدا بکرێت و بە سازان یاساکە هەمواربکرێتەوە، دووەم هیچ هێزێک رایان ناگرێت بۆ ئەوەی ئامانجەکەیان بێنینە دی کە دەیانەوێت سیستم و شێوەی هەڵبژاردن بگۆڕن و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت.