ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا چەند بڕیارێکی دەرکرد و یەکێک لەوانە زیادکردنی گومرگی خواردنەوە کحولییەکان بوو بۆ 200٪ لە چوار ساڵی داهاتوودا.
بە گوێرەی بڕیارەکە تەواوەی ئەو خواردنەوە کحولییانەی دێنە عێراقەوە لە وڵاتانی دیکە و سەرچاوەکانەوە، دەبێت کرێی گومرگییان زیاد بکرێت بۆ 200٪ لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەقی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەسەر بابەتەکانی کارنامەی حکومی کرد و لە چوارچێوەیەکیدا پارێزگاری لە بەرهەمی خۆمالی دەکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا باجی گومرگی بە رێژەی 65٪ بەسەر ئەم بەرهەمانە بسەپێنێت بۆ ماوەی چوار ساڵ بەبێ ئەوەی رێژەی باجەکەیان کەمبکرێتەوە:
بۆیاخی دیواری ماڵان، شامپۆ و پاکەرەوەی جلوبەرگی رەنگاورەنگ و رەنگ تاریک، بۆنخۆشکەری عەرزی و جلوبەرگ و نەرمکەرەوەی جل بە هەردوو جۆری شل و جێڵ، پاکەرەوەکانی زەوی بە گشتی و پاکەرەوەی قاپ و قاچاخ.
لە راگەیندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وادەی سەپاندنی باجی گومرگی بە رێژەی 100٪ بۆ ئەو بەرهەمە هاوردانەی بە بریاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ژمارە 280ی ساڵی 2018 هاوردە کراون و بەرهەمەکان بریتین لە جگەرە و هەموو جۆرەکانی مقەبا.
هاوکات، باجی گورمگی بە رێژەی 200٪ بۆ بەرهەمی خواردنەوە کحولییەکان بۆ ماوەی چوار ساڵ بەبێ کەمکردنەوەی رێژەی باجەکە دەسەپێنرێت و لەو ماوەیەدا چاودێری لەسەر ئەو بەرهەمە لە بازاڕەکاندا دادەنرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریاری ئەوەشی دا، باجی گومرگی بە رێژەی 20٪ بەسەر بەرهەمەکانی بۆری پلاستیکی لە جۆرەکانی “PPRC” و “PPR” بۆ ماوەی چوار ساڵ بەبێ کەمکردنەوەی رێژەی باجەکە زیادبکات.