دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، عێراق لە ریزبەندی سێیەمی هاوردەکاری کاڵای تورکیە و تەنها لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە.
دەستەی ئاماری تورکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، داهاتی هەناردەکانی تورکیا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٢١ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار واتە بە راورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 2.1٪ بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ داهاتی هەناردەکانی ئەو وڵاتە بریتییە لە 30 ملیار و 656 ملیۆن دۆلار واتە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی ١٤٪ بەرزبووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ عێراق لە ریزبەندی سێیەمی هاوردەکاری کاڵای تورکی بووە و بە بڕی یەک ملیار و 302 ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە و ئەمریکا لە ریزبەندی دووەمە و بە بڕی یەک ملیار و 447 ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە و لە ریزبەندی یەکەمیش وڵاتی ئەڵمانیا دێت و ئەویش بە بڕی یەک ملیار و 859 ملیۆن دۆلار کاڵای ئەو وڵاتەی هاوردە کردووە.
باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی 10 مانگی ساڵی 2022 لە هەناردەکردنی کاڵای تورکی، وڵاتی ئەڵمانیا بە بڕی 19 ملیار و 339 ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە و لە دوای ئەویش ئەمریکا بە بڕی 15 ملیار و 502 ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی کڕیوە و عێراقیش بە بڕی 12 ملیار و 602 ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردەکردووە.