وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی هەماهەنگیی لە بواری هەڵکۆڵین و نۆژرەنکردنەوەی بیرە نەوتییەکان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئازەربایجانی واژۆ کردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لەبارەی گرێبەستەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە کۆمپانیای هەڵکۆڵین سەربە وەزارەتی نەوت گرێبەستێکی هاوبەشیی لەگەڵ کۆمپانیای ‘SOCAR’ی ئازەربایجانی بۆ هەڵکۆڵین و نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتییەکان، واژۆ کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، باسم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەڵکۆڵین سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، گرێبەستەکە هەماهەنگیی لە بواری هەڵکۆڵین و نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتییەکان لەخۆدەگرێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە ماوەی گرێبەستەکە سێ ساڵە و دەکرێ درێژ بکرێتەوە.