میدیاكانی ئیسرائیل دەڵێن هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، رێكەوتی 24ـی حوزەیرانی 2025، لانیکەم چوار کوژراوی لێ کەوتووەتەوە.
ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشدا بە گشتی شەش مووشەکی ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کرد و لە ئەنجامدا بە هۆی بەرکەوتنی مووشەک بە باڵەخانەیەک لە شاری “بئر شبع”، چوار هاوڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەست دا و شەش کەسیش بریندار بوون.
سوپای ئسیرائیل دەڵێ ئێران دوای دوو هێرشەکە، لە سێ هێرشی دیکەدا 5 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل توانیویەتی مووشەکەکان بخاتە خوارەوە.
هێرشەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە دوو کاتژمێر پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو، ئێران و ئیسرائیل ڕەزامەندییان لەسەر ئاگربەست دەربڕیوە و جەنگ کۆتایی پێ هاتووە.