له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گرووپی راوێژکاريی سەربازیی ئەمه‌ریکا بۆ تاوتوێکردنی پەیڕەوی کارنامەی لێکتێگەیشتنى نێوان ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان، به‌ڕێوه‌چوو.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێم،بە سەرپەرشتیی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم و به ئاماده‌بوونى نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمى كوردستان، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوهيهك لەگەڵ گرووپی راوێژکاريی سەربازیی ئەمه‌ریکا، نوێنەری نووسینگەی ئەمه‌ریکا بۆ هاوکاريی ئەمنيی عێراق، راوێژکاری وەزارەتی بەرگريی ئەمه‌ریکا و یەکەی سیاسی و ئابووری لە کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا له هه‌ولێر، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیڕەوی کارنامەی لێکتێگەیشتنى نێوان ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان، به‌ڕێوه‌چوو.
لە کۆبوونەوه‌كه‌دا جەخت لە بەردەواميی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان کرایەوە، هەروەها تیشکخرایە سەر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش، کە مەترسیی راستەقینەن لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر خێراکردن و بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە له هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانيدا.
نوێنەرانی ئەمه‌ریکا هەموو پشتگیرییەکی وڵاتەکەیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی پێشمەرگە خستەڕوو، هەروەها دووپاتیان کردەوە، کە بەردەوام دەبن لە هاریکارییە سەربازی و مرۆییيەکان بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان.