ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی نیسانی 2022، شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرپەرشتی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتنە قەزای سنجار.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، بەمەبەستی بینینی ئەو دۆخە ئەمنیەی چەند رۆژێکە لە شنگال دەگوزەرێت، شاندێک کە پێکهاتبوون لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەلئەعرەجی، لیوا روکن عەبدولئەمیر، رەشید یارەڵا جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لیوا ڕوکن عەبدولئەمیر ئەلشەمری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی و فەرماندەی هێزی زەمینیش لیوا قاسم محەمەد گەیشتنە قەزای سنجار.
باسی لەوەش کردووە کە ئامانج لە سەردانەکە، ئاگاداربوونە لە رەوشی ئەمنی قەزای سنجار.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوو رۆژ لەمەوبەر لە کۆمەڵگای دکۆرێ سەربە ناحیەی سنونێ باکووری چیای شنگال شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە رووی دا.
ــ رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی سنجار
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی سنجار و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە سنجار دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.