سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، ماوەی 3 مانگ دیاریکراوە بۆ مامەڵەی ئەو زەوییانەی کە تاپۆکراون و هەر کەسێک لە ماوەی دیاریکراو سەردانی شارەوانی نەکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر (ئەربیل) ئاماژەی بەو زەوییانە داوە کە تاپۆ کراون و دەڵێت، “سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بەردەوامە لە پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان، لەماوەی ڕابردوو زیاتر لە زیاتر لە 110 هەزار پارچە زەوی کارت تاپۆ کراون ، داواش لەو هاوڵاتییانە دەکات کە زەوییەکانیان کارتە و کراونەتە سەنەد واتا تاپۆ کراون سەردانی شارەوانی بکەن بۆ دەستکردن بە مامەڵەی تاپۆکردن، بە پێچەوانەوە دوای ماوەی دیاریکراو ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر”.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بەپێی نووسراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتووگوزار ژمارە(376) کە لە بەرواری 9ـی 6ـی 2022 فەرمانی پێدەرچووە و ئاراستەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کراوە، تێیدا هاتووە سەبارەت بەو زەوییانەی کە کارتن گۆڕاون بۆ سەنەد خاوەن زەوییەکان ئاگادار بکەنەوە کە بەزووترین کات مامەڵەی تاپۆی زەوییەکان ئەنجام بدەن کە لەماوەی سێ مانگدا کارەکانیان تەواو بکەن ئەگەر لەو ماوەیە سەردانی شارەوانییەکان نەکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان بەپێچەوانەوە دوای تەواوبوونی ماوەکە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “لەکۆی زیاتر لە 125 هەزار کارت تاوەکو ئێستا زیاتر لە 110 هەزار کارت گۆڕدراون بۆ تاپۆ (سەنەد) 15 هەزار کارتی دیکەش ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی تاپۆ کراون بۆ گۆڕینیان بۆ (سەنەد) لە ئێستادا کار لەسەر ئەو زەوییە کارتانەش دەکرێن کە کێشەیان تێدایە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێن”.