ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد و داوای لێکرد نخەڵک بێهیوا نەکرێن و چیدیکە بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن.
لەمیانی سەردانەکەی بۆ شاری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
هاوکات لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێکردن ئامادەبوون، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو رایگەیاندووە، “هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و نەوەكانی داهاتوو چیدیکە بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن، نائومێدیی هاووڵاتییان و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەش ئەوە دەخوازێت كە بەرپرسان بیر لە داهاتووی هەرێمی کوردستان بكەنەوە و بە یەكڕیزی رووبەڕووی گرفت و ئاڵنگارییەکان ببنەوە”.
شایەنی باسە لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامییەوە بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە، “چ لەڕووی ناوخۆیی و چ لەڕووی نێودەوڵەتییەوە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و هۆكاری سەرەكییش ململانێ و بێباكیی هێزەكانی دەسەڵاتە”.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەبەرامبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە داوە كە بە مەبەستی رەواندنەوەی گرژییەكان و دروستكردنی هاوهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، سەردانی سلێمانیی كردووە و داواشی لە بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین و سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی كرد كە وەكو هەمیشە رۆڵی خۆیان لە پرۆسەی ئاشتەوایی و چاكسازیدا بگێڕن.
شاندەکەی سەرۆکی هەرێم لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفای سەید قادر، جێگرانی سەرۆكی هەرێم و دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێم پێکهاتووە، بریار وایە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەریەکە لە عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کۆببێتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئایاری 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداریی لە مەراسیمی دەرچوونی خولی 6ـی ئەفسەران و خولی 16ـی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ـی قەڵاچۆڵان کرد.