سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بازاڕی ئاژەڵفرۆشان گەرمە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بازاڕی ئاژەڵفرۆشان گەرمە

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بازاڕی ئاژەڵفرۆشان گەرمە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بازاڕی ئاژەڵفرۆشان گەرمە
0

لایک

جەژنی قوربانی ئەمساڵ جیاوازی هەیە لەگەڵ جەژنانی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، شایەنی باسە سەرەڕای نەخۆشیی ناوبراو، بازاڕی ئاژەڵفرۆشان گەرمە و بەپێی قسەی ئەوانبێت، ئەمساڵ بازاڕیان “زۆر باشە”.

محەمەد حەمکۆ، یەکێکە لە خاوەن ئاژەڵەکان لە گۆڕەپانی ئاژەڵفرۆشان و بە تەبای وت، “ئەمساڵ بازاڕ زۆر باش بوو، ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ بۆ شارەکانی دیکەش هەناردە کرا. نرخەکانیشی باش بوون، خەڵکەکە خواستی لەسەرە”.

هاوکات ئەو ئاژەڵفرۆشە ئاماژەی بەوەکرد کە ئاژەڵی قوربانی خۆماڵی، ئێرانی، سووری و تورکی دەفرۆشن و خەڵکەکە زیاتر خواستی لەسەر ئاژەڵی خۆماڵییە و وەکو ئەو دەڵێت، “گۆشتەکەی بەتامە”. ئەو ئاماژەی بە فرۆشتنی ژمارەی ئاژەڵەکان کرد و رایگەیاند لەوانەیە تاکو ئێستا ١٠٠ هەزار ئاژەڵ فرۆشرابێت. محەمەد حەمکۆ لەبارەی خۆیەوە وتی، ” نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ سەر ئاژەڵم فرۆشتووە”.

لەبارەی کاریگەرییەکانی دواهەمین بڕیاری وەزارەتی تەندروستی و قەدەغەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵەوە لەسەر بازاڕی ئاژەڵان وتی، “کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە، چونکە ئێستا قەسابخانەکان هەن و هیچ کێشەی تێدا نییە گەر بچیت و لەوێ ئاژەڵەکەت سەرببڕیت”.

بیلال فەتحی لە بازاڕی ئاژەڵفرۆشان کاری شوانی دەکات و وەکو خۆی دەڵێت کە رۆژانە کاری شوانیی دەکات بۆ خاوەن ئاژەڵەکان و دەیانفرۆشێت. ئەو لەبارەی دۆخی بازاڕی ئاژەڵفرۆشان دەڵێت، “ئەمساڵ بازاڕەکە باش بوو، ئاژەڵێکی زۆری خۆمانە فڕۆشرا و زیاتر خواستەکە لەسەر ئاژەڵی بچووکە”.

بیلال ئاماژەی بە نرخی ئاژەڵی بچووکی خۆمانە و ئاژەڵی گەورە دا و وتی، “نرخی کیلۆیەک بەرخی خۆماڵی بە ٥ هەزار و ٥٠٠ بۆ ٥ هەزار و ٦٠٠ دینارە. ئاژەڵی گەورەش کیلۆی بە ٤ هەزار و ٨٠٠ بۆ ٥ هەزار دینارە”.

لەبارەی کاریگەرییەکانی تای خوێنبەربوون لەسەر بازاری ئاژەڵفرۆشان، بیلال فەتحی دەڵێت، “بێگومان کاریگەریی خۆی هەبوو، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە قەسابەکان ئاژەڵ لە شوێنی پیس سەر دەبڕن و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی”.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ژینگە و تەندروستی عێراق، تا ئێستا ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون گەیشتووەتە ٢٣٠ کەس و لەهەمان کاتدا ٣٨ کەسیش گیانی لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە سەیف بەدر، وتەبیژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە تای خوێنبەربوون بەرێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵانی تووشبوو بەو نەخۆشییە دەگوازرێتەوە. وەزارەت پێی وایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان حاڵەتەکانی تووشبوون زیاتر دەبێت.

لەبارەی پرۆسەی سەربڕین و قوربانیکردن لە جەژنی قوربان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر(ئەربیل) لەمیانی کونفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “قوربانیکردن لەناو ماڵ و گەڕەکەکان قەدەغەیە و بۆ راییکردنی کارەکانی هاووڵاتییان لە رۆژانی جەژندا، کوشتارگەمان راسپارد، کاتی دەوامی درێژ بکاتەوە و تیمەکانی زیاتر بکەن و لە ٢٤ کاتژمێردا ١٤ کاتژمێر لە خزمەتی هاووڵاتییاندا کراوە بێت”.

هەواڵ: زیا عوزێری – فۆتۆ: عەبدوڵڵا بەختیار