دوای سەردانیکردنی بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر(ئەربیل) و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم دوای پێشوازیکردنی لە سەرۆکی هەنگاریا رایگەیاند، سەردانەکەی کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا بۆ هەرێم نیشانەی پاڵپشتی ئەو وڵاتەیە بۆ خەڵکی هەرێم، هاوکات سوپاسی هەموو ئەو هاوکارییە سەربازیی و مرۆییانەش دەکەن کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بوداپێست پێشکەشی هەولێری کردوون.
لای خۆیەوە نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەنگاریا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆیەکەمجار لە مێژوودا کاتالین نۆڤاک وەک سەرۆکێکی هەنگاریا سەردانی عێراقی کردووە و رۆژانی هەینی و شەممە لەو وڵاتە دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەشدا ناوبراو سەردانی هێزەکانی هەنگاریا دەکات کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەرێم و عێراق کار دەکەن و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و سووپای عێراق دەکەن.