نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیماراتەوە گەڕایەوە هەولێر(ئەربیل).
دوێنێ پێنجشەممە 09-03-2023، کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوو.
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم لەسەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی سەرۆکی ئیمارات بوو. لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا ژمارەیەک پرس کە جێگەی بایەخی هەردوولان تاوتوێکران.
کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و محەمەد بن زاید ئال نەهیان لە کۆشکی نیشتمانیی ئەبوزەبی کە تایبەتە بە سەرۆکایەتیی وڵاتەکە کرا. ئەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکران بریتی بوون لە پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق لەگەڵ ئیمارات، بوارەکانی هاوکاریی هاوبەش، دۆخی عێراق، ئاسایش، وزە و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هاوبەش.
نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا نووسیبووی، “گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان عێراق، بەتایبەت هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد”.