سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: به‌ بۆری غاز ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ماڵان
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: به‌ بۆری غاز ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ماڵان

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: به‌ بۆری غاز ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ماڵان

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: به‌ بۆری غاز ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ماڵان
0

لایک

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، رایگه‌یاند، “لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان واز لە بەکارهێنانی بوتڵی غاز دەهێنێت و بە بۆڕی و بە ستانداردی جیهانی غاز دەگەیەندرێتە ماڵان”.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی حكومه‌ت له‌ باره‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ رایگه‌یاند، دەستەی وەبەرهێنان بەردەوامە لە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و تاوەکو ئێستا لە رێگەی پڕۆژەکانیشەوە بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلى کار بۆ زیاتر لە 120 هەزار کەس رەخسێنراوە.

وتیشی، قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو لە ساڵى 2022  دا زیاتر بووە لە 686 ملیۆن دۆلار، و لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمیش دەگاتە %20ی تێکڕای پڕۆسەی وەبەرهێنانی 17 ساڵی رابردوو و هۆکارى زۆرى رێژە و قەبارەى وەبەرهێنانی بۆ ئاسانکارییەکیان گێڕایەوە کە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.

ئاماژەشی بەوەدا کە لە کابینەی نۆیەم دا مۆڵەتی 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و پڕۆژەکانیش دراونەتە وەبەرهێنەرەکانی دیکە، چونکە گرفتییان هەبووە و نەیانتوانیوە پڕۆژەکانیان تەواو بکەن و یا خزمەتگوزارییان تێدا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پڕۆژە هەبووە کە لە پلانەکانیان خزمەتگوزاریی گشتیی نەبووە، بۆیە دەستەى وەبەرهێنان لە شوێنی تر خزمەتگوزارییان پێ ئەنجام داون و چەندین قوتابخانە و شوێنی گشتی و سەوزایی بە وەبەرهێنەران دروست کراون.

له‌ باره‌ی غازی ماڵانیشه‌وه‌ وتی، ”مۆڵەتی پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان دراوە، بە دوو قۆناغ دەبێت، یەکێیان دروستکردنی عەمبارەکانی غازە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیە بکەن و قۆناغێکی تر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکانە. لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان واز لە بەکارهێنانی بوتڵی غاز دەهێنێت و بە بۆڕی و بە ستانداردی جیهانی غاز دەگەیەنرێتە ماڵان، کە ئەمەش لە قازانجی هاووڵاتیانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەبەرهێنانەوە بۆ خۆی سەرپەرشتی ئەم پڕۆسەیە دەکات.”