سەرۆکی حکوومەت نامەیەکی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا پێگەیشت

سەرۆکی حکوومەت نامەیەکی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا پێگەیشت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
سەرۆکی حکوومەت نامەیەکی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا پێگەیشت
0

لایک

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نامەیەکی لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە پێگەیشتووە کە ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە. دەشڵێت، لە نامەکەدا سووناک “پابەندیی بەریتانیا”ـی بە پاراستنی “ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو” دووپاتکردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-11-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند کە نامەیەکی لە ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە پێگەیشتووە. 

مەسرور بارزانی دەڵێت، ریشی سووناک لە نامەکەیدا باسی پەیوەندیی مێژوویی بەریتانیای لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە و، نوسیویەتی، “خۆشحاڵم کە پەیوەندییە مێژووییەکەمان، ئەمڕۆ لە هەر کاتێک زیاتر بەهێزترە، بەها و بوارەکانی هاوکاریی زۆر هاوبەشمان لەگەڵ یەک هەیە.”

رۆژی دووشەممە، 24-10-2022، پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ریشی سووناکی بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژارد بەو جۆرەش سووناک بە کردار بووە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا. سووناک تەمەنی 42 ساڵە و یەکەم سەرۆکوەزیرانە کە بە رەچەڵەک بەریتانی نییە.

لەبارەی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، سووناک دەڵێت، “شانشینی یەکگرتوو، پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو.”

لە بەشێکی دیکەی نامەکەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی  ناردووە، هاتووە، “سەرۆکوەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و بەدیجیتەڵکردن دەکاتەوە” و لە کۆتایی نامەکەیدا بە مەسرور بارزانی دەڵێت، “بە خۆشحاڵییەوە بەهیوای کارکردنم لەگەڵتان لە ماوەی سەرۆکوەزیرییەکەمدا.”