سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی: دەستپێشخەریی تورکمانی گەرەنتی چاککردنەوەی رەوشی پڕۆسەی سیاسیە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی: دەستپێشخەریی تورکمانی گەرەنتی چاککردنەوەی رەوشی پڕۆسەی سیاسیە

سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی: دەستپێشخەریی تورکمانی گەرەنتی چاککردنەوەی رەوشی پڕۆسەی سیاسیە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی: دەستپێشخەریی تورکمانی گەرەنتی چاککردنەوەی رەوشی پڕۆسەی سیاسیە
0

لایک

لە کۆبوونەوەی شەشەمی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی، دەستپێشخەرییەک راگەیەندرا بۆ دەربازبوونی دۆخی عێراق لەو چەقبەستووییەی کە تێیکەوتوە و ئاماژەبەوەکرا، دەستپێشخەریی تورکمانی گەرەنتی چاککردنەوەی رەوشی پڕۆسەی سیاسیە.

ئەمرۆ شەممە ١٣ی ئاب ٢٠٢٢، بە سەرۆکایەتی حەسەن توران سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، لە بارەگای بەرەی تورکمانی عێراقی لە شاری کەرکوک، شەشەمەم کۆبونەوەی سەرکردایەتی حیزبەکە بە ئامادەبوونی هەیسەم هاشم موختار ئۆغلو، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی و ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و لوقمان نەجم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی لە موسڵ و ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە تیایدا سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و وتارێكی پێشكەش كرد كە تیایدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و رایگەیاند، کە بەرەی تورکمانی عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکان سەبارەت بە پێویستی داڕشتنی دیدێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی ئێستا و بەرەو پێشەوە چوون لە چالاککردنی دیالۆگی نیشتمانی بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی نەتەوەیی گەلی عێراق و پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بەدی بهێنێت.

توران لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، “عێراق بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، پێویستە هەموومان یەکبگرین و بۆچوونەکانمان نزیک بکەینەوە، کاربکەین بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە رێڕەوی قەیرانی سیاسیدا بەرەو چارەسەر و دیالۆگ، هەروەها دەستپێشخەری تورکمان لەگەڵ ئاواتەکانی گەلی عێراق و تورکماندا هاتۆتە پێشەوە، چارەسەری عەیبەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات، کە بنەمای سەرەکی قەیرانی سیاسییە”.

سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی جەختی كردەوە، كە توركمانەكان لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردنن، هەروەهالەگەڵ ئەوەن سیستمی لیست بۆ هەڵبژاردنەکان پەسەندبکرێت و دووبارە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وەك میكانیزمێكی گەرەنتیكار بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی هەڵبژاردن پێكبهێندرێتەوە، وتیشی، “توركمانەكان ئەو هەڵوێستە نیشتمانیانە بە نرخ دەزانن كە داوای پاراستنی خوێنی عێراق دەكەن و كاردەكەن بۆ دروستكردنی بوارێك بۆ گفتوگۆیەكی نیشتمانی لە نێوان هاوبەشەكانی پرۆسەی سیاسیدا”.

لە میانی كۆبوونەوەكەدا، باس لە بارودۆخی ئاسایش و خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتی لە شار و شارۆچكەكانی توركمان ئێلی كرا. هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری، پێشخستنی پێکەوەژیان، و بەدیهێنانی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری لەو بوارانەدا.

سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق دووپاتی كردەوە، كە بەرە درێژە بە خەباتی سیاسی خۆی دەدات بۆ بەرگریكردن لە مافە رەواكانی گەلی توركمان، سەرەڕای هەڕەشە و مەترسی و تەحەددیاتی ئێستا، گەلی توركمانیش بە یەكڕیزی خۆی شوناسی نەتەوەیی خۆی دەپارێزێت و هەمیشە ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە یەکێتی.