ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی 6ـی 2022، لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای موقتەدا سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە.
ئەم پێشهاتەش دوای ئەوە هات موقتەدا سەدر لە نامەیەکدا داوای لە پەرلەمانتارانی کردبوو سەرجەمیان نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان ئاراستەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی بردە لای محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دواجار داواکارییەکە بە واژووی سەرۆکی ئەنجوومەن پەسەند کرا.
فراکسیۆنی سەدر گەورەترین فراکسیۆنی نێو ئەنجومەنی نوێنرانی عێراقە و لە 73 پەرلەمانتار پێکهاتووە.
بەرلە نامەکەی موقتەدا سەدر، بارەگای بارزانی رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و موقتەدا سەدر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و هەردوولا باسی دواهەمین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراقیان کردووە.