سەرۆککۆماری ئێران: هەرێمی کوردستان تووشی هەندێک کەمتەرخەمی بووە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سەرۆککۆماری ئێران: هەرێمی کوردستان تووشی هەندێک کەمتەرخەمی بووە

سەرۆککۆماری ئێران: هەرێمی کوردستان تووشی هەندێک کەمتەرخەمی بووە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
سەرۆککۆماری ئێران: هەرێمی کوردستان تووشی هەندێک کەمتەرخەمی بووە
0

لایک

سەرۆککۆماری ئێران لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێم دەکات، داڵدەی ئەو لایەنانە نەدات کە ئاسایشی ئێران تێکدەدەن.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تاران لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا رەئیسی رایگەیاندووە، ئێران پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و یەکڕیزی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە دەکات و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی تاران و بەغداد پێک بەستراونەتەوە.

رەئیسی بە وەزیری دەرەوەی عێراقی راگەیاندووە، تاران چاوەڕوانی لە وڵاتانی دراوسێی هەیە داڵدەی ئەو لایەنانە نەدەن کە دژی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران کار دەکەن و وتیویەتیشی، “نابێ رێگە بدرێت ئەوانەی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران تێکدەدەن، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی یان ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بمێنن”.

رەئیسی هۆشداری دەداتە دەسەڵاتی هەرێم و دەڵێت، “هەرێمی کوردستان تووشی هەندێک کەمتەرخەمی بووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە وردی چاودێری جموجۆڵەکانی رژێمی زایۆنی دەکات و هاوکاریکردن لەگەڵ ئەو رژێمە ناشاردرێتەوە”.

لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆککۆماری ئێرانی راگەیاندووە، بەغداد ئامادەیە پەرە بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێران بدات بە بواری ئەمنیشەوە تاکو پێش بە هەرچەشنە هەڕەشەیەک دژی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بگیرێت.