ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەیەکی فەرمی سەرۆکی جەزائیر بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی پێگەیشت.
نووسینەگەی کازمی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “سەرۆکوەزیران پێشوازی لە عەبدولرەشید تبی، وەزیری دادی جەزائیر و شاندی یاوەری کرد”.
ئەوەش هاتووە، “وەزیری دادی جەزائیر، بانگهێشتنامەی عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆکی جەزائیری ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، کە تیایدا بانگهێشت کراوە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ”.
بەپێی بەیاننامەکە، کازمی جەختی لەوەکردووەتەوە، “عێراق پێداگرە بەشداری لە لووتکەی ناوبراو بکات و رۆڵی سەرەکی تیادا بگێڕێت، ئەم لووتکەیەش کاریگەری زۆری لەسەر یەکهەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی هەیە، کە گرنگترینیان پرسی وڵاتی فەڵەستینە”.
جەخت لەوەش کراوەتەوە، “مێژووی پەیوەندی نێوان عێراق و جەزائیر بە چەندین قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە ، پێویستە لە نزیکترین کاتدا لێژنەیەکی هاوبەشی ویزاری لەنێوان هەردوو وڵات پێکبهێندرێت بۆ پتەوتر کردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کە لە بەرژەوەندی گەلی هەردوو وڵات بێت”.