سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات
  • TEBA KURDİ
  • جیهان
  • سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات

سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا كرد و ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پێنج وڵاتی ناوچه‌كه‌ كه‌ یه‌كێكیانه‌ عێراقه‌

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات
0

لایک

یایێر ڵپید، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل په‌یامێكی ئاراسته‌ی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كرد و ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پێنج وڵاتی ناوچه‌كه‌ كه‌ یه‌كێكیانه‌ عێراقه‌ و ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانمان و ده‌ستمان بۆ به‌رقه‌راكردنی ئاشتی راده‌كێشین”.

یایێر ڵپید له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌ ته‌لئه‌بیب له‌گه‌ڵ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، “ئێمه‌ به‌دیلێكمان هه‌یه‌، لێره‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردن و به‌هێزبووندایه‌، تیایدا كارده‌كه‌ین بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییەک كه‌ وڵاتانی میانڕه‌و له‌خۆبگرێت به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ئاشتی هه‌یه‌ و پێیان وایه‌ منداڵه‌كانمان شایه‌نی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ن بۆ ژیانێكی باشتر”.

وتیشی، “له‌ ماوه‌ی ساڵی رابردوودا، شانازییه‌كمان هه‌یه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ و نوێنه‌ران له‌ ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی و به‌حرێن و مه‌غریب، هه‌روه‌ها سه‌ردانیكردنی عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر له‌ كۆشكه‌كه‌ی له‌ قاهیره‌، هه‌روه‌ها سه‌ردانی پادشای ئوردنم كرد له‌ كۆشكه‌كه‌ی له‌ عه‌ممان”.

راشیگەیاند، “له‌گه‌ڵ تۆنی بلێنكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، پێكهاته‌یه‌كی پێشكه‌وتووی ئاسایش و ئابووریمان دامه‌زراند كه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕێت و بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌مریكا هێشتا ئاماده‌یه‌ لێره‌ و پابه‌نده‌ به‌ ئاسایش و سه‌لامه‌تی ناوچه‌كه‌وه‌”.

له‌ په‌یامێكیشدا بۆ جۆ بایدن وتی، “لێره‌وه‌ راسته‌وخۆ به‌ره‌و شانشینی سعودیه‌ ده‌ڕۆیت، سه‌ردانه‌كه‌تان بۆ سعودیه‌ و بۆ ئیسرائیل و ناوچه‌كه‌، بۆ ئاسایشی ئێمه‌ و بۆ داهاتووی خۆشگوزه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرنگه‌”.

جەختی لەوەکردەوە، “له‌گه‌ڵ ئێوه‌ په‌یامی ئاشتی ده‌نێرین بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه‌، بێگومان به‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كانیشه‌وه‌، ئیسرائیل گرنگی به‌ ئاشتی ده‌دات و باوه‌ڕی به‌ ئاشتی هه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری ته‌نانه‌ت یه‌ک بستێک له‌ ئاسایشی خۆمان نابین، ده‌بێت له‌ هه‌موو هه‌نگاوێكدا وریا بین، به‌ڵام به‌ هه‌موو وڵاتێک و هه‌موو گه‌لێک ده‌ڵێین كه‌ ئاره‌زووی به‌رقه‌راركردنی ئاشتی و ئاساییكردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه‌ به‌خێربێن”.