ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان – عێراق و سەرۆک فراکسیۆنەکان سەبارەت بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم و هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆبوونەوە.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا فراکسیۆنی پارتی لارینەبوونی خۆی بەرامبەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان راگەیاند، کە بکرێت بە یەک بازنەیی یان فرەبازنەیی، فراکسیۆنەکەیان هیچ کێشەیەکی نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا “لێکتێگەیشتنی زۆر زۆر باش هەبوو لە نێوان سەرۆک فراکسیۆنەکان و خاڵە هاوبەشەکان زۆر زیاتربوون لە جیاوازییەکانمان، بەڵام ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان لەوە کردەوە کە فراکسیۆنی پارتی دەیەوێت هەرچۆنێک بووە لەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت”.
هەر تایبەت بەم بابەتەش زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان – عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکاندا گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم و هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان – عێراق کراو بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، بەمەبەستی گەیشتنی لایەنەکان بە رێککەوتن لەسەر هەردوو بابەتەکە کە رەهەندێکی نیشتیمانییان هەیە.
راشیگەیاند، فراکسیۆنی یەکێتی بە پێویستی زانی رێککەوتن لەسەر وردەکارییەکان و ژمارەیەک برگە و مادەی دیکەی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنەکانیش بکرێت، بەجۆرێک بتوانرێت “هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت و مەجالی گزی و فزی نەمێنێت، تاکو خولی تازەی پەرلەمان رەنگدانەوەی دەنگدانی راستەقینەی هاووڵاتیان بێت”.