سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە

سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە
0

لایک

ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، بەسەردانێک گەیشتە بەغداد و لە میانیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە.


لەوبارەیەوە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویكردۆتەوە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، محمد شیاع سودانی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری كردووە.


بە پێی راگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەدیدارێكدا سوودانی گرنگی یەک هەڵوێستی لەسەر ئاستی نیشتیمانی بەرزنرخاندووەو یەكڕیزی و هەماهەنگی بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاڵنگاری ئابووری و باری بژێوی ژیان و خزمەتگوزاریەكان بە پێویست زانیوە، بەمەبەستی دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزاران بۆ هەموو هاووڵاتیان لەسەرانسەری عێراق. 


هەروەها سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی كردۆتەوە كەحكومەتی فیدراڵ پێگیرە بەدەستووری عێراقی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵاواسراوەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەشێوەیەک كەمافی هەموو پێكهاتەكان زامن بكات. 


هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە لەلای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە بەبۆنەی متمانە وەرگرتنی حكومەتەكەی و گەشبینی خۆشی راگەیاندووە بەتواناكانی حكومەتی نوێ بۆ گواستنەوەی وڵات بۆ قوناغێكی جیاوازتر كە زمانی لێكتێگەیشتن و چارەسەری تێدا زاڵ بێت. 


هەروەها لەدیدارەكەدا گفتوگۆ لەسەر پرسی ئەمنی لەناوچە سنوورییەكانی عێراق كراوەو جەختیشكراوەتەوە لەسەر هاوكاری بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و رەتكردنەوەی بەزاندنە بەردەوامەكانی، هەروەها كاركردن لەپێناو رێگریكردن بۆ ئەوەی خاكی عێراق نەبێتە پێگەی هێرشكردن بۆ سەر هیچ وڵاتێك لەوڵاتانی دراوسێ.