شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند كە لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانییدا لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركوک، دیالە و ئەنبار، 21 تیرۆریستی داعش دەستگیركراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاوی كردەوە كە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان، هێزەكانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركوک، دیالە و ئەنبار بۆسەر پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجام داوە.
راشیگەیاندووە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی لە پارێزگای نەینەوا، شەش تیرۆریست كە لەبەناو كەرتی جەزیرە سەربە رێكخراوی داعش چەكداربوون، دەستگیركراون.
باسی لەوەش كردووە كە هێزەكانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی لە میانی ئۆپەراسیۆنێكدا لە پارێزگای كەركوک، شەش تیرۆریستی داعشیان دەستگیركردووە، لەنێویاندا سەركردەیەكی رێكخراوەكە كە بە ناسنامەیەكی ساختەوە چووەتە پارێزگاكە و بەرپرسە لە تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتییەكان لە كەركوک.