موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری رایگەیاند، “ئامانجی ئەو وڵاتانەی کە رێگە بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەخوازان دەدەن تەنیا دژایەتیکردنی ئایینی ئیسلامە”.
موقتەدا سەدر ئەمڕۆ شەممە 21.5.2022، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەدر لە تویتەکەیدا رایگەیاند، “دوور لە ئایینە ئاسمانییەکان کە کەسانێک دانیان پێدانانێن و دەڵێن مێشکی مرۆڤ تاکە سەرچاوەیە بۆ یاسادانان. ئەگەر هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان زیانی نییە و هیچ لێکەوتەیەکی ناتەندروستی نییە، خۆ بەدڵنیاییەوە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان لە دەرەوەی چوارچێوەی مێشکە و تەنیا لە حەزی سێکسییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە پەیوەندیی سێکسیی نێوان هاوڕەگەزەکان منداڵ و خێزانی راستەقینەی لێناکەوێتەوە”.
دەشڵێت، “ئەگەر ئێوە رێگەتان بە حەزی سێکسیی خۆتان داوە، باشە بۆچی دەتانەوێ هاوڕەگەزخوازی لە بوارەکانی ژیاندا بسەپێنن، وەکو بوارەکانی وەرزشی تۆپی پێ و ئابووری و کاروباری دیپلۆماسی؟ تەنانەت زۆر هەوڵدەدەن بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەرەب و موسڵمانانی بسەپێنن؛ لە رێگەی بە یاساییکردنی لە هەموو وڵاتان، ئەوەشی بە یاسایی نەکات دەڵێن دووژمنی ئازادی و شارستانی و پێشکەوتنە، بۆیە ئەگەر بنەماکە حەزی سێکسی بێت ئەوا فرەژنیش لە روانگەی ئەم حەزەوە ئاساییە ئیتر بۆ قەدەخەتان کردووە؟”
سەدر باس لەوەش دەکات، “تەنیا ئامانجی ئەو وڵاتانەی کە رێگە بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان دەدەن و فرەژنییان قەدەغە کردووە دژایەتیکردنی ئایینی ئیسلامە. لە کاتێکدا فرەژنی وەکو هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان نییە، چونکە فرەژنی هیچی لە هاوسەرگیریی ئاسایی کەمتر نییە و لە نێوان هەردوو رەگەز دەکرێت، هەروەها خێزانی زیاتر و منداڵی لێدەکەوێتەوە. باشە چ روودەدات ئەگەر کەسانێک داوای رێگەدان بە هاوسەرگیری لە نێوان دایکان و خوشکان و برایان بدەن، چونکە ئازادییە؟”