دوای ئەوەی دوێنێ شەممە لەمیانی ساڵیادی شەهید کردنی باوکیدا، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر شوێنی وتارەکەی بۆ لایەنگرانی جێهێشت، ئەمڕۆ رایگەیاند، لەکاتێکدا سوپاسی ئەو هەزاران کەسە دەکات کە شەوی رابردوو بەشداری ساڵیادی شەهیدکردنی محەمەد محەمەد سادق سەدریان کرد، لە هەمان کاتیشدا داوای لێبوردن دەکات کە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی خەڵکدا، لە مەراسیمەکەدا کشایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەدر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “لەناخی دڵ و بە خۆشەویستییەوە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە شەوی رابردوو بەشداربوون لە ساڵیادی شەهیدکردنی محەمەد محەمەد سادق سەدر و لەرێگەی هاتنیان بۆ نەجەف، جارێکی دیکە دڵسۆزی و خۆشەویستی خۆیان بۆ بنەماڵەی سەدر دوپاتکردووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا لێبوردن دەکات کە لە مەراسیمەکەدا کشایەوە لەکاتێکدا وتاری بۆ ئامادەبووان پێشکەش دەکرد، ئەویش بەئامانجی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان بووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە لە خزمەتکردنی لایەنگرانی و گەلی عێراق بەردەوام دەبێت.
جێی باسە، بڕیاربوو شەوی رابردوو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە ساڵیادی شەهیدکردنی باوک و دوو براکەی لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە، وتارێک پێشکەش بکات بەڵام بەهۆی ناڕەزایی لە لایەنگرانی و گوێنەگرتنیان، وتارەکەی بڕی و شوێنەکەی جێهێشت.