موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لەبارەی شێوازی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق رایگەیاند حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی موقتەدا سەدریان لە شاری نەجەف کرد.
لەدوای دەستپێکردنی کۆبونەوەکەش سەدر تویتێکی بڵاوکردەوە کە تێدا هاتوە، “نە رۆژئاوایی نە رۆژهەڵاتی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی”.
ئەم پەیامەی موقتەدا سەدر لەدوای ئەو لێکنزیکبونەوەیەی لایەنە شیعییەکان دێت، بۆ کۆتایی هێنان بە چەقبەستویی سیاسی لەعێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، هەریەکە لە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح و فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گەیشتونە شاری نەجەف بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر.
کۆبونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دیاریکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقە.